دامەزرێنەرێکی ئاکپارتی بۆ رووداو: پرسی کورد یەکسان نییە بە پرسی پەکەکە

05-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاکپارتی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، پرسی کورد یەکسان نییە بە پرسی پەکەکە. "پێویستە ئاکپارتی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی سەرەتای دامەزراندنی." دەشڵێت، "کاتێک جۆرجیا، ئەرمینیا، رووسیا و یۆنان دەبێتە دراوسێمان، کێشە نییە. بۆچی کورد ببێتە دراوسێی ئێمە ببێتە کێشە؟"
 
حوسێن چەلیک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و وەزیری پێشووتری پەروەردەی تورکیا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتە نێوخۆییەکانی تورکیا بە گشتیی و پرۆسەی چارەسەریی دەکات. 
 
باسی پرۆسەی چارەسەری، جیاکاری دژی کورد، نکۆڵیکردن و پاکتاوی نەژادی، سووریا، ئێران، شێوازی سیاسەتکردن لە تورکیا، ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆی پارتەکەی، هەڵوێستی ئەم دواییەی دەوڵەت باخچەلی، دانانی چەکی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی خۆی، هەروەها شێوازی سیاسەتکردنی دەم پارتی کرد.
 
بە بڕوای چەلیک، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کێشەیەکی جیدی لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ هەیە. دەڵێت: "سەرکردەکان کاتێک لاوازن، کەسانی شایستە و لێهاتوو لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە، بەڵام کاتێک بەهێز دەبن، هەموو کەسە شایستە و لێهاتووەکان دووردەخەنەوە و شوێنیان بە کەسانی ناشایستە، بێ ئیرادە و خاوەن کولتووری ملکەچی پڕدەکرێتەوە."
 
حوسێن چەلیک، کە وەزیر و سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموونە، رەخنە لە هەڵوێستی جیاوازی تورکیا بەرامبەر بە کورد دەگرێت، سەرەڕای بانگەشەی "برا گەورەیی و زلهێزی" لە ناوچەکەدا و دەپرسێت، "کاتێک جۆرجیا دەبێتە دراوسێمان، کێشە نییە. ئەرمینیا و ئەرمەنییەکان کاتێک دەبنە دراوسێمان کێشە نییە. رووس و قوبرسییە رۆمەکان کێشە نین. یۆنان و بولگاریا کاتێک دەبنە دراوسێمان کێشە نییە. برای من، بۆچی بوونی کورد بە دراوسێی ئێمە ببێتە کێشە؟"
 
چەلیک باسی هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی پرۆسەی پێشووی چارەسەری دەکات و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە ئەرێنی دەزانێت، بەڵام رەخنە لەوە دەگرێت کە پرسی کورد لەگەڵ ئەو رێکخراوەدا یەکسان بکرێت و دەڵێت: "پرسی پەکەکە یەکسان نییە بە پرسی کورد. من کوردم، بەڵام هیچ کاتێک پەکەکە نەبووم. دەم پارتیش نیم. عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش سەرکردەی من نییە. بەڵام ئایا ئەوان لایەنێکی پرسی کوردن؟ بەڵێ، هەن."
 
دامەزرێنەرەکەی ئاکپارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پارتەکەی بگەڕێتەوە بۆ "دۆخی سەرەتای دامەزراندنی" و ناڕەزایەتی بەرامبەر بێ کاریگەرکردنی پەرلەمانی تورکیا دەردەبڕێت.
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە