رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) دەڵێت، بەگوێرەی راپرسییەک بۆ پڕۆسەی چارەسەری، 65٪ـی رای گشتیی تورکیا پاڵپشتە بۆ پڕۆسەکە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''بەراورد بە تورک، رێژەی پاڵپشتیی کورد بۆ پڕۆسەکە و متمانەی بە سەرکەوتنی زیاترە.''
ئەمڕۆ شەممە، 05-07-2025، رۆژ گیراسۆن، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند:''پێشبینی دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا پەکەکە چەک دابنێت، چونکە پێویستە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشانەوە، هەنگاو بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری بنرێت کە ئەو هەنگاوە چەکدانانی سیمبوولییە.''
رۆژ گیراسۆن کە ناوەندەکەی بۆ زانینی رای گشتی، ژمارەیەک راپرسی لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری کردووە گوتی: ''متمانەی خەڵک بە چەکدانانی پەکەکە کەمە.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست، ''خەڵکی تورکیا لە وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەدا دەڵێن، دەمانەوێت پڕۆسەی چارەسەری سەربکەوێت، بەڵام متمانەمان بەوە نییە کە پەکەکە چەک دابنێت و سیاسەتی مەدەنی بگرێتەبەر.''
رووداو زانیویەتی، بەم زووانە رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا لە ئیدارەی راپەڕین لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و پەیامی تێدا پێشکێش دەکرێت. رۆژ گیراسۆن گوتی: ''ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت و دیمەنەکانی بڵاوبکرێنەوە، لەوانەیە متمانەی خەڵک بە پڕۆسەکە زیاتر بێت و سیاسەتڤانانیش بۆ سەرخستنی، هەنگاوی رژدتر بنێن.''
''پێشبینی دەکرێت دوای چەکدانانی پەکەکە ئەردۆغان هەنگاوی گرنگ بنێت''
01ـی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند. پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە " پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە " پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی " ناودەبرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست باس لە گرنگیی شەفافبوونی پڕۆسەکە دەکات و دەڵێت، ''سەرۆککۆمار ئەردۆغان وەکو ساڵی 2015 ترسی لە تێکچوونی ئەو پڕۆسەیە هەیە و نازانێت چۆن هەنگاو بنێت، چونکە ئەویش وەک گەڵ متمانەی بەوە نییە کە پەکەکە چەک دابنێت، واتا ئەو ترسەی هەر هەیە.''
رۆژ گیراسۆن ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی ئەم ''هەنگاوە سیمبولی''ـیە لەلایەن بەشێک لە گەریلاکانی پەکەکە نرا و چەکەکانیان دانا، ''پێموایە سەرۆککۆمار ئەردۆغانیش هەنگاوی گرنگ و بایەخدار دەنێت، لەوانەش متمانەی سیاسی، راستکردنەوەی یاساکانی جێبەجێکردنی سزا و هەنگاونان بۆ گۆڕینی دەستوور.''
''42٪ـی رای گشتی متمانەیان بە سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری هەیە''
بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست، ''سەرەڕای ئەوەی متمانەی گەل بە سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری کەمە، پاڵپشتی لە پڕۆسەکە زۆرە.''
بەگوتەی رۆژ گیراسۆن، 65٪ـی رای گشتیی تورکیا (بە کوردەوە) پاڵپشتیی پڕۆسەی چارەسەری دەکات، بەڵام تەنیا 42٪ـی رای گشتی متمانەی بە سەرکەوتنی پڕۆسەکە هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست لەبارەی رای کورد لەسەر پڕۆسەکە دەڵێت، ''هەرچی رای کوردە لەسەر ئەم پرسە، نزیکەی 90٪ـیان پاڵپشتیی پڕۆسەکە دەکەن و نزیکەی 60٪ـیشیان متمانەیان بە سەرکەوتنی هەیە، واتا لەنێو کورددا پاڵپشتی و متمانە زیاترە.''
وەک رۆژ گیراسۆن دەڵێت، ئەگەر رای گشتیی تورکیا بەدەر لە رای کورد لەبەرچاوبگرین، رێژەی پاڵپشتییان بۆ پڕۆسەی چارەسەری بۆ نزیکەی 50٪ دادەبەزێت.
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست هۆکاری ''کەمیی متمانە'' بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆنەوە نزیکن دەڵێن، پڕۆسەکە بۆ خزمەتی ئەردۆغانە. ئەوانەی لە دەسەڵاتیشەوە نزیکن، پێیان وایە پەکەکە دەستبەرداری چەک نابێت و جارێکی دیکە شەڕ روودەدات، هەروەها لایەنگرانی دەم پارتی کە پاڵپشتییەکی زۆریان بۆ پڕۆسەکە هەیە، ترسیان هەیە کە ئەگەر پەکەکە دەستبەرداری چەکیش بێت، ئەردۆغان و حکومەت هەنگاوی گرنگ بۆ مافەکانی کورد نەنێن.''
رۆژ گیراسۆن پێشبینی دەکات لە هەنگاوەکانی داهاتوو، بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پڕۆسەی چارەسەری، دانوستاندن لەسەر پرسی زمان بکرێت، ''چونکە دەبینین گەورەترین داواکاریی کوردانی تورکیا کە لەسەری کۆکن، [پەروەردە بە] زمانی کوردییە، هەروەها لەنێو تورکەکانیشدا کەمترین ناڕەزایی بەرامبەر زمانی کوردی هەیە.''
ئەو بەڕێوەبەرە لەبارەی راپرسییەکی ناوەندەکەی لەسەر پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان باسی لەوە کرد، ''نزیکەی 85٪ بۆ 90٪ـی کوردان خوازیاری پەروەردەن بە زمانی کوردی، هاوکات نزیکەی 50٪ـی رای گشتیی تورکیاش (هاووڵاتییانی تورک) دەڵێن، ئەگەر پەکەکە دەستبەرداری چەک بێت، پێویستە کورد بە زمانی کوردی پەروەردە ببینێت.''
هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەم پارتی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە راستەوخۆ دەچێتە سلێمانی و ئامانجی سەرەکیشی بەشداربوونە لە رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ