رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پرۆسەی چارەسەری زیاتر بەرەوپێشەوە دەبات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم هەفتەیە لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆدەبێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 5ی تەممووزی 2025 لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان، لە نێو فڕۆکە لەبارەی چەند پرسێک قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، پرۆسەی چارەسەریش یەکێک بوو لەو پرسانە.
ئەردۆغان سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بە ''خەونی گەلەکەی'' ناوبرد؛ جەختیشی لەوە کردەوە، لە پێناوی گەلەکەیان ''ئەو خەونە'' بەدیدەهێنن.
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پرۆسەی چارەسەری زیاتر بەرەوپێشەوە دەبات و گوتی: ''دوای ئەوەی چەک، خوێن و فرمێسک بەتەواوی لە رۆژەڤی گەلەکەمان سڕانەوە، سەردەمێکی نوێ لەڕووی دیموکراسی و ئاسایشەوە لە وڵاتەکەمان دێتەکایەوە''.
ئەردۆغان گوتی، رێگە نادەن هیچ لایەنێک بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی (میت) وڵاتەکەی ''بەوردی و هەستیارییەوە'' چاودێری پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکەن.
ئەو گوتەیەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، بڕیارە گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێوڕەسمێکدا لە هەرێمی کوردستان وەک هەنگاوێکی "نیازپاکانە" بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان دابنێن.
بە گوتەی سەرۆککۆماری تورکیا، ئەم هەفتەیە پێشوازی لە شاندێکی دەم پارتی دەکات؛ گوتیشی، شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها پێکدێن.
وەک ئەردۆغان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئامادە دەبن.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندی دەم پارتی، وێڕای ئەو هەنگاوانەی تاوەکو ئێستا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نراون؛ هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکەش باس دەکەن.
لە 1ی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ