رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی لەبارەی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگە بە هیچ پیلانێک نادات رەوایی بە "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" بدات. جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت تەنیا سوپای سووریا لە تەواوی خاکی ئەو وڵاتەدا باڵادەست بێت.
ئەمڕۆ شەممە 5ـی تەممووزی 2025، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان کە بەشداری لە 17ـەمین لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی ئابووریی کردبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەناو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ چەندین پرسی تایبەت کرد.
سەبارەت بە دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەکانی نێو ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیامێکی بۆ سووریا هەبوو. رایگەیاند، "ئێمە هیچ پیلانێک قبووڵ ناکەین، کە رەوایی بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان یان درێژەپێدراو و باڵەکانیان ببەخشێت. ئێمە هەموو هاوکارییەک و پشتگیرییەک پێشکێشی دەکەین بۆ ئەوەی تیرۆر لە خاکی سووریا بێکاریگەر بکرێت. هەموو هێزە چەکدارەکان هەڵبوەشێندرێنەوە و لە تەواوی خاکی سووریادا تەنیا سوپای سووریا باڵادەستی هەبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد کە سەقامگیریی سووریا لە بەرژەوەندیی تورکیادایە و گوتی: "ئارامی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە سووریا لە بەرژەوەندیی ئێمەشە. ئەوانەی هەوڵی تێکدانی ئەم دۆخە بدەن، تورکیا لە بەرامبەریاندا دەبیننەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ