رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی دایکانی شەهیدان لە ئیستەنبووڵ، رایگەیاند، سکاڵای یاسایی لە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە تۆمار کردووە.
پێنجشەممە 4ـی ئەیلوولی 2025، پاکیزە ئاکبابا، سەرۆکی کۆمەڵەی دایکانی شەهیدان لە ئیستەنبووڵ رەخنەی لە "پرۆسەی چارەسەری" گرت و لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "سکاڵام لە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی و بکوژی ساوایان 'ئۆجەلان' تۆمارکردووە."
ئاکبابا، هۆکاری سکاڵاکەی روونکردووەتەوە و نووسیویەتی: "وەک دایکی شەهیدێک و سەرۆکی کۆمەڵەی دایکانی شەهیدان، بە تۆمەتی پێشێلکردنی دەستوور و هەوڵی کودەتای مەدەنی بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی یەکگرتوو و کۆماری عەلمانی داوای یاساییم بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆجەلان تۆمارکردووە."
هەروەها نووسیویەتی: "سکاڵام لەسەر باخچەلی و ئەردۆغان تۆمارکردووە، چونکە بەبێ رەزامەندیی دایکانی شەهیدان و بریندارانی سەنگەر، بە پاساوی دروستکراوی 'مافی هیوا' هەوڵی لێبووردن بۆ تاوانبارێک دەدەن کە دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری رێکخراوێکی تیرۆریستییە و لەلایەن دادگەوە سەلمێندراوە بکوژی 55,000 کەسە. خەباتمان لەمبارەیەوە تاوەکو دوا هەناسەمان بەردەوام دەبێت."
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ