هەدەپە شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی بەست و هاوسەرۆکەکانی هەڵبژێردرانەوە

05-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتى دیموکراتی گەلان (هەدەپە) شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە بەست. لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکەکان هەڵبژێردرانەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە دۆسیەی داخستنی پارتەکە لە دادگایە.
 
ئەمڕۆ هەینی 5ی ئەیلوولی 2025، هەدەپە شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە بەست. کۆنگرەکە بە گوتارى سوڵتان ئۆزجان و جاهید کرکازاک، هاوسەرۆکانی پارتەکە دەستیپێکرد؛ پاشان راپۆرتەکانى چالاکییەکان و دارایى خوێندرانەوە. دواتر هەردوو هاوسەرۆکەکەی ئێستا بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی کۆنگرەکە هەڵبژێردرانەوە.
 
کرکازاک لە گوتارەکەیدا گوتی، "هەدەپە یەکەمین پلاتفۆرمی خەباتى هاوبەشی کۆمەڵگەی تورکیایە. ئەم خەباتە هاوبەشە رەنگدانەوەیەکى بەرجەستە و پراکتیزەکردنى بانگەوازى بەڕێز ئۆجەلانە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی." 
 
کرکازاک راشیگەیاند، هەدەپە رێگر بوو لەبەردەم زۆر هەوڵ و "ئەوەش وایکرد بکریتە ئامانجێکی جیدی. هەربۆیە پەرلەمانتاران، هاوسەرۆکان، سەرۆکی شارەوانییەکانییەکان بە نایاسایی دەستگیرکران."
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی نوێی هەدەپە بەڕێوەبچێ و پۆستەکان دابەش بکرێن. 
 
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 15ـی تشرینی یەکەمی 2012 دامەزرا. فاتما گۆک و یاڤوز ئۆنەن یەکەم هاوسەرۆکانی پارتەکە بوون، لە 2014 سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بە هاوسەرۆکی ئەو پارتە هەڵبژێردران و لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2015دا لە کۆی 550 کورسی، 80 کورسی بەدەستهێنا و یەکەمجار بوو بە فراکسیۆن بچنە پەرلەمان.
 
لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵ هەڵبژاردن دووبارە بووەوە و هەدەپە 59 کورسی بەدەستهێنا. بە تۆمەتی دژایەتیکردنی دەوڵەت، پاشکۆبوونی پەکەکە، هەوڵدان بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە، بانگەوازکردن بۆ پەکەکە و چەندین تۆمەتی دیکە، نزیکەی سێ ساڵە پرۆسەی دادگەییکردنی لە دادگەی دەستوور بەردەوامە و کار بۆ داخستنی دەکرێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە