یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە: لە نزیکترین کاتدا لیژنە پەرلەمانییەکە گوێ لە ئۆجەلان دەگرێت

05-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکى پارتى بزووتنەوەى نەتەوەیى تورکیا (مەهەپە) رایگەیاند، لیژنە پەرلەمانییەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە داهاتوویەکی نزیکدا 3 - 4 ئەندامی دیاری دەکات بۆ گوێگرتن لە بۆچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمراڵی.
 
ئەمڕۆ هەینی 5ی ئەیلوولی 2025 فەتى یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکى مەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی دوایین کار و چالاکییەکانی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڵاوکردەوە و گوتی، لیژنەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا 3 - 4 ئەندامی دیاری دەکات بۆ گوێگرتن لە بۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
 
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
 
دەقی پەیامەکەی فەتی یڵدز بەم شێوەیە:
 
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، کە بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دامەزراوە، رۆژی 5ـی ئابی 2025 بە سەرۆکایەتی بەڕێز نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دەستی بە کارەکانی کرد. بەپێی بڕیاری وەرگیراو، لیژنەکە لەبارەی پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەردەوامە لە گوێگرتن لە بۆچوونی کەسەکان، دامەزراوەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان. 
 
لە حەوتەمین کۆبوونەوەماندا، پێشنیازەکانی سەرۆکە پێشووەکانی پەرلەمانی تورکیا گوێیان لێگیرا. لە رێگەی تورکیایەکی بێ تیرۆردا دەوڵەت داینامیکی خۆی هەیە. دەوڵەتی تورکیا لە بەهێزترین قۆناخی سێ سەدەی رابردوودا دەژی.
 
هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن. بەڕێز نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانمان، بۆ وەرگرتنی گوتەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری رێکخراوی تیرۆریستی، بە لەبەرچاوگرتنی کات و شێوازەکەی، دیاریکردنی 3-4 کەس لەناو لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، لاوازی دروست ناکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە