رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ژمارەی زیندانییان لە تورکیا نزیکەی 100 هەزار کەس زیادیکردووە و هەندێک گرتووخانە زۆر لە توانای خۆیان زیاتر زیندانییان تێدایە. تورکیا لە رووی ژمارەی زیندانییان، لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەورووپا لە پلەی یەکەمدایە.
وەزارەتی دادی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو مانگی ئابی 2025، ژمارەی زیندانییان لە گرتووخانەکانی تورکیادا گەیشتووەتە 413 هەزار و 780 کەس، لە کاتێکدا کە توانای لەخۆگرتنی گرتووخانەکان نزیکەی 304 هەزار و 964 کەسە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرتووخانە و زیندانەکان، لە 31ی ئاداری 2022، ژمارەی زیندانییان 314 هەزار و 502 کەس بووە. لەو ژمارەیە، 275 هەزار و 965 کەسیان سزادراو بوون و 38 هەزار و 537 کەسیشیان راگیراو بوون.
راپۆرتەکانی دەستەی مافی مرۆڤ و یەکسانیی تورکیا (TİHEK) دەریدەخەن کە هەندێک گرتووخانە لە سەرووی توانای خۆیانەوە زیندانییان تێدایە. دەستەکە سەردانی گرتووخانەکان دەکات، لە راپۆرتەکانیدا دۆخەکەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
- گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئاکچاداغ لە مەلەتێ: توانای لەخۆگرتنی 384 کەسی هەیە و 750 کەسی تێدایە.
- گرتووخانەی سزاکانی ئەرەیلی لە کۆنیا: توانای لەخۆگرتنی 455 کەسی هەیە و 659 کەسی تێدایە
- گرتووخانەی سزاکانی کالەجیک: توانای لەخۆگرتنی 1400 کەسی هەیە و 3155 کەسی تێدایە.
- گرتووخانەی سزاکانی خارپێت: توانای لەخۆگرتنی 1140 کەسی هەیە و 1553 کەسی تێدایە.
- گرتووخانەی سزاکانی باندرمە: توانای لەخۆگرتنی 287 کەسی هەیە و 382 کەسی تێدایە.
- گرتووخانەی سزاکانی قەیسەری: توانای لەخۆگرتنی 1318 کەسی هەیە و 3162 کەسی تێدایە.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی ئامارە سزاییەکانی ئەنجوومەنی ئەورووپا (SPACE)، تورکیا لە رووی ژمارەی زیندانییانەوە لە پلەی یەکەمدایە.
لە راپۆرتەکەدا کە رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 2024ـە لە تورکیا بۆ هەر 100 هەزار کەسێک 356 زیندانی هەیە. دوای تورکیا وڵاتانی وەک ئازەربایجان بە 264، جۆرجیا بە 261 و مۆڵدۆڤا بە 235 زیندانی دێن.
لە راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی ئەورووپادا، تورکیا لە رووی تێکڕای تەمەنی زیندانییانەوە بە 36 ساڵ، لە ئەورووپا لە پلەی 35ـەمدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ