ئەردۆغان لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش: دەسەڵاتی دادوەری چی بڵێت، پابەندی دەبین

05-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی بڕیارە نوێیەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، کە 9 ساڵە لە ئەدیرنە زیندانیکراوە رایگەیاند، "دەسەڵاتی دادوەری چی بڵێت، پابەندی دەبین."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی چوارشەممە 05-11- 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکێش کرد، لە کاتی چوونەدەرەوەی لە پەرلەمان وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش.
 
ئەردۆغان گوتی: "ئەم وڵاتە وڵاتی دادوەرییە، دەسەڵاتی دادوەری لەمبارەیەوە چی بڵێت، پابەندی دەبین."
 
پێش ئەردۆغان، لەسەر ئەم پرسە یلماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا یەکلاکەرەوەیە، لە ئەگەری پێشکێشکردنی داواکاریی (بۆ ئازادکردن) لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، دادگە هەڵیدەسەنگێنێت. گوتیشی: "پێویستە هەموومان پێکەوە چاوەڕێی ئەم پرۆسەیە بین."
 
بەهۆی رەتکردنەوەی تانەی تورکیا لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە، بڕیارەکە یەکلا بووەوە. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی چاوەڕوانیی ئازادکردنی دەمیرتاش.
 
بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا ئاماژەی بەوەدا، دەبێت دەمیرتاش بەبێ گرتن دادگایی بکرێت.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە، رۆژی سێشەممە چواری تشرینی یەکەمی 2025 دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتی، ئازادکردنی دەمیرتاش "خێردار" دەبێت.
 
'یاسای برایەتی لە هەموو شتێک بەنرخترە'
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە 96 ساڵە لە زیندانی ئەدیرنە بەند کراوە، لە راگەیێندراوێکی نووسراودا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گوتی: "بە هیوای بینینتان لە رۆژانی ئازادیدا."
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە بە دەستنووسی دەمیرتاش لە ئێکس بڵاوکرایەوە، هاتووە: "بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گرنگە، بەڵام "لە رووی 86 ملیۆن کەسەوە، یاسای برایەتیی نێوانمان لە هەموو شتێک بەنرخترە."
 
دەم پارتی، لەبارەی بڕیارەکەوە لە راگەیێندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بڕیارە زۆرانەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە تاوەکو ئێستا لەبارەی هاوڕێکانمانەوە دەریکردوون، لە سەرووی هەموویانەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هەروەها بە رەچاوکردنی بڕیارە یەکلاکەرەوەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە 8ـی تەممووزی 2025، پێویستە بە زووترین کات هاوڕێکانمان ئازاد بکرێن". 
 
تورکیا، لە حەوتی تشرینی یەکەمدا تانەی لە بڕیاری پێشێلکاریی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا دا کە لەبارەی دەمیرتاشەوە دەریکردبوو.
 
وەزارەتی دادی تورکیا داوای کردبوو دۆسیەکە لەلایەن لقی گەورەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دووبارە تاوتوێ بکرێتەوە.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە بڕیارێکدا کە لە هەشتی تەممووزی 2025 ـدا رایگەیاند، دووبارە گرتنەوەی دەمیرتاشی لە چوارچێوەی دۆزی کۆبانێدا بە "کێشەدار لە رووی ياساییەوە" لە قەڵەم دابوو.
 
هەشتی تشرینی یەکەم، دوایین رۆژ بوو بۆ تانەلێدانی تورکیا لە بڕیارەکە.
 
بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ تورکیا پابەندکەرن، بەڵام هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، تورکیاش هەندێک بڕیاری جێبەجێ نەکردووە. 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاندبوو، تانەلێدانەکەی تورکیا بە واتای "سووربوونە لەسەر نایاسایی و زیانگەیاندنە بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری."
 
هاتیمئۆغوڵڵاری، لە پەیامێکدا لە هەژماری سۆشیاڵمیدیای خۆی رایگەیاند: "نە ئێمە و نە ملیۆنان کەس کە دڵیان بۆ ئاشتی لێدەدات، قبووڵی ناکەین سوور بن لەسەر نادادپەروەری و ئەو کەسانەی کە دەبێت بەشداری لە ئاشتیدا بکەن لە پشت شیشی زیندانەوە بهێڵنەوە."
 
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد تانەلێدانەکەی تورکیای بە "خستنەڕووی نیازخراپییەک" لەقەڵەمدا.
 
چاندار، لە پەیامێکدا لە هەژماری سۆشیاڵمیدیای خۆی رایگەیاند، هەستی هاووڵاتییانی کورد و رای گشتیی تورکیا پشتگوێ خراوە و گوتی: "گرنگتر لە هەمووی، ئەو 'پرۆسەیە' کە هیوایەکی گەورەی بۆ ئاشتیی ناوخۆیی دروستکردبوو، بە شێوەیەکی جددی بریندار بووە."   
 
چی لەبارەی دۆسیەی کۆبانێ دەزانیت؟
 
ئەو دۆسیەیەی کە دەمیرتاش و هاوڕێکانی لەسەری دادگاییکران، بە دۆسیەی کۆبانێ ناسراوە. ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشێکی بۆ سەر کۆبانێ لە رۆژئاڤای کوردستان دەستپێکرد و لە باکووری کوردستان داوای پشتیوانی بۆ کۆبانێ کرا.
 
یەکەم لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ لە ساڵی 2014 دەستیپێکرد.
 
ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی هەدەپە بە تۆمەتەکانی وەکو "کوشتنی بەئەنقەست"، "تاڵانکردن"، "بریندارکردنی کارمەندی کەرتی گشتی بە چەک"، "سووتاندنی ئاڵا" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات" دادگایی کران. 
 
دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016 ـدا دەستگیر کرا.
 
ئەو سکاڵانامەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە ئامادەکرابوو، لە حەوتی کانوونی دووەمی 2021 لەلایەن دادگەی 22ـەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە پەسند کرا و لە 26ـی نیسانی 2021 یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنەکە بەڕێوەچوو.
 
لە دۆسیەکەدا 108 سیاسەتڤانی کورد دادگەییکران و تەنیا 12 کەسیان بێتاوان دەرچوون.
 
لە 15ـی ئایاری 2024 ـدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، سزای 42 ساڵ و 30 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
 
بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە دەمیرتاش
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەو داواکارییەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2017 سەبارەت بە دەستبەسەربوونی پێشکەشی کردبوو، لە 20 ـی تشرینی دووەمی 2018 بڕیاری لەسەردا.،دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش "نەک یاسایی، بەڵکو لەسەر بنەمای ئامانجی سیاسی بووە."
 
دەمیرتاش، ئەو تێزەی خستبووە روو کە تورکیا ماددەی 5ـی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە مافی ئاسایش و ئازادی، ماددەی 10 سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین، ماددەی 18 سەبارەت بە سنووردارکردنی کۆتوبەندەکان لەسەر مافەکان، ماددەی 34 سەبارەت بە سکاڵا تاکەکەسییەکان و ماددەی 3ی پڕۆتۆکۆلی زیادکراو سەبارەت بە مافی هەڵبژاردنی ئازادی "پێشێل کردووە."
 
دادگە لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکەیدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تورکیا جگە لە ماددەکانی 10 و 34، ماددەکانی دیکەی پێشێل کردووە.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەو تێزەی تورکیای پەسند کرد کە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی دەمیرتاش لەسەر بنەمای گومانی بەجێ بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاری دا ئەو پاساوانەی لە بڕیارە دادوەرییەکاندا خراونەتەڕوو کە بوونەتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردن، بۆ رەوایەتیدان بە بەردەوامیی زیندانیکردنەکە، بەس نەبوون.
 
داوا لە تورکیا کرا ئەگەر هۆکار یان بەڵگەی نوێ بۆ رەوایەتیدان بە بەردەوامیی زیندانیکردنی دەمیرتاش نەخاتەڕوو، لە زووترین کاتدا رێوشوێنی پێویست بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی زیندانیکردنەکەی بگرێتەبەر.
 
ئەم بڕیارەی، کە تێیدا دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دابوو تورکیا 25 هەزار یۆرۆ بدات، برایە بەردەم دەستەی باڵا کە وەکو دەستەی تێهەڵچوونەوە کار دەکات و لە 17 دادوەر پێکدێت.
 
دەستەی باڵا، لە بڕیارەکەیدا کە لە 22ـی کانوونی یەکەمی 2020 رایگەیاند، بڕیاری دا کە تورکیا پێشێلکاری کردووە.، بڕیاردرا تورکیا بڕی 60 هەزار و 400 یۆرۆ وەکو قەرەبوو، لەگەڵ خەرجییەکانی دادگە، بە دەمیرتاش بدات.
 
دۆسیەیەکی دیکە سەبارەت بە دۆخی زیندانیکردنی دەمیرتاش لە دووی ئاداری 2020 خرایە بەردەم دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا.
 
هاوشێوەی داواکارییەکەی پێشوو، لەم داواکارییەشدا ئەو تێزە خرایەڕوو کە تورکیا هەندێک ماددەی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە، دووبارە زیندانیکردنەوەی دەمیرتاش لە 20ـی ئەیلوولی 2019 و ئەو پاساوانەی کراونەتە بنەما بۆ زیندانیکردنی، بەس نەبوون.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە بڕیارەکەیدا کە لە هەشتی تەممووزی 2025 رایگەیاند، زیندانیکردنەوەی دەمیرتاشی لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێدا بە "کێشەدار لە رووی یاساییەوە" لە قەڵەم دا.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە بەڵگەکانیشی بە ناتەواو زانی، راشیگەیاند، دەسەڵاتە دادوەرییەکانی ناوخۆیی ئەگەری جێبەجێکردنی رێوشوێنە بەدیلەکانی زیندانیکردنیان لەبەرچاو نەگرتووە.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئامانجی سەرەکیی بڕیاری زیندانیکردن "رێگریکردن بووە لە چالاکییە سیاسییەکانی سکاڵاکار" هەروەها درێژکردنەوەی پرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئەو سێ سکاڵا تاکەکەسییەی دەمیرتاش پێشکەشی دادگەی دەستووری کردبوو، بە پێشێلکاری لە قەڵەم دا.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاریدا تورکیا بڕی 55 هەزار و 745 یۆرۆ وەکو قەرەبوو، لەگەڵ خەرجییەکانی دادگە، بدات.
 
تورکیا لە حەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تانەی لەو بڕیارە دا، بەڵام دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا تانەکەی رەتکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە