گوتەبێژی هوداپار: دژی ئازادکردنی دەمیرتاش نین

05-11-2025
پەیمان محەممەد
سەرکار رامانڵی، گوتەبێژی هوداپار
سەرکار رامانڵی، گوتەبێژی هوداپار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هوداپار دەڵێت، پێویست ناکات شاندێکی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ بینینی ئۆجەلان سەردانی ئیمراڵی بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دژی ئازادکردنی دەمیرتاش نین و لەوبارەوە لەگەڵ بڕیاری دادگەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-11-2025، سەرکان رامانڵی، گوتەبێژی هوداپار و پەرلەمانتاری تورکیا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشیکرد، رایگەیاند ''هیوادارین پڕۆسەی چارەسەری سەربکەوێت و کۆتایی بە شەڕ و کوشتنی 40 ساڵە بهێنرێت.''
 
سەرکان رامانڵی ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە ئاراوە، کە نامانەوێت بە هیچ شێوەیەک لەدەست بچێت.''
 
''پێویست ناکات کۆمیسۆنی پەرلەمان سەردانی ئیمراڵی بکات''
 
چاوەڕوان دەکرێ کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، پرسی سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بخاتە نێو کارنامەی دانیشتنی پێنجشەممەیەوە. گوتەبێژی هوداپار پێیوایە، ''پێویست ناکات شاندێک لە پەرلەمان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات بە مەبەستی بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.''
 
سەرکان رامانڵی زیاتر روونی دەکاتەوە، ''ئێستا پڕۆسەکە بەدواداچوونە لەسەر ئەوەی، کە پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چەک دابنێت و رێگەیەکی سیاسی، یاسایی و سڤیل بگرێتەبەر. ئێمەش هیوادارین کە کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و گەلی ئێمە لە رێگەی سیاسەتەوە بە ماف و داخوازییەکانی خۆی بگات.''
 
گوتەبێژی هوداپار دەڵێت، دەم پارتی پێداگرە لە سەردانیکردنی شاندێکی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ش پاڵپشتیی سەردانەکە دەکات، ''بەڵام کۆمسیۆن بڕیاری خۆی دەدات و ئەگەر لە پێنج بەش، سێ بەشی ئەندامانی پەسندی بکەن سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکرێت، ئەو کاتە لەنێو کۆمیسیۆن شاندێک پێکدێت بۆ سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.''
 
بۆ ئەوەی بڕیاری سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی پەسندبکرێ، پێویستە لەو دەنگدانەدا لە کۆی 51 ئەندام 31 ئەندام دەنگی بەڵێ بدەن. سەرکان رامانڵی سەبارەت بە هەڵوێستی هوداپار لە ئەگەری سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن کۆمیسیۆنی پەرلەمانەوە گوتی، ''ئێمە ناڵێین ئەگەر ئەو بڕیارە درا، لە کۆمسیۆن دەکشێینەوە، بەڵکو بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن هەڵسوکەوت دەکەین.''
 
گوتەبێژی هوداپار ئاماژەی بە گرنگیی تەبایی نێوان پارتە سیاسییە کوردستانییەکان کرد و گوتی، ''بەڵێ ئەمڕۆ ئێمە باسی تەبایی کورد و تورک، تەبایی پەکەکە و دەوڵەت دەکەین، بەڵام بەر لە هەموو شتێک، من پێم وایە پێویستە کوردیش تەباییەکی ئاشتییانە دروست بکات. پێویستە ئێمەی کورد، خۆمان ئاشتییەک دروست بکەین.''
 
''پەیوەندیی فەرمیمان لەگەڵ دەم پارتی نییە''
 
لەبارەی پەیوەندیی هوداپار و دەم پارتی، سەرکان رامانڵی ئاماژەی بەوەدا، ''هیچ پەیوەندییەکی فەرمیمان نییە. تاوەکو ئێستا دەم پارتی نەیویستووە کۆببینەوە، ئەوان بڕیاریان ئەوەیە و بەلای ئێمەشەوە گرنگ نییە.''
 
گوتەبێژی هوداپار جەختیشی لەوە کردەوە، ''تاوەکو ئێمە لەسەر مافەکانی کورد، دادپەروەری، برایەتی و تەبایی پێداگر بین، لەوانەیە ئەمڕۆش نەبێت، سبەی بە شێوەیەکی دیکە دیدار [لەگەڵ دەم پارتی] دروست بێت.''
 
سەرکان رامانڵی ئاماژەی بەوەش کرد، ''زۆر لەو هیوایەدا نین، کە دەم پارتی سەردانمان بکەن، بەڵام ئێمە دەڵێین ئەوەندەی سیاسەتڤانان دژی یەکدی نەبن، ئەوەندەش گەلەکەمان ئاسوودەتر دەبێت و ئاشتییەکی گشتی لەنێو کۆمەڵگە پێکدێت.''
 
''دژی ئازادکردنی دەمیرتاش نین''
 
فەرمانگەی باڵای دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا تانەی تورکیای دژی بڕیاری پێشێلکردنی مافەکان لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رەتکردووەتەوە. بەمەش بڕیارەکەی 8ی تەممووزی 2025ی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بووە یەکلاییکەرەوە. دادگە بڕیاری دابوو دەمیرتاش "بە پاڵنەری سیاسی" دەستبەسەرە و "مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە"ی پێشێل کراوە.
 
گوتەبێژی هوداپار لەبارەی ئەگەری ئازادکردنی دەمیرتاشەوە دەڵێت، ''ئێمە دەڵێین بڕیار، بڕیاری دادگەیە. واتا نە دژی ئازادکردنی دەمیرتاشین و نە ئەوەش دەخوازین دادگە دەمیرتاش ئازاد بکات. لەبەر ئەوەی ئەم بڕیارە بڕیارێکی سیاسی نییە، بڕیارێکی دادوەرییە. پێویستە ئەو کەسانەی کە شارەزان و دادوەرن، دادپەروەری بەجێبهێنن و لەوبارەوە بڕیار بدەن.''
 
دوێنێ سێشەممە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ش رایگەیاند، "ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەبێتە مایەی خێر بۆ تورکیا."
 
''پێویستە زەوینەی یاسایی بۆ چەکدانان و گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بڕەخسێت''
 
ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتی، گەیشتوونەتە "قۆناخێکی نوێ." سەرکان رامانڵی پێیوایە، ''پێویستە زەوینەیەکی یاسایی بڕەخسێنرێت، بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە چەکەکانیان داناوە، چونکە هێشتا ئەوە دیار نییە. پێویستە دیاری بکرێت، تاوەکو ئەوانیش بە ئاسانی چەکەکانیان دابنێن و بێنەوە نێو کۆمەڵگە، واتا پێویستە یاسایەک لەوبارەوە دەربچێت.''
 
گوتەبێژی هوداپار جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرۆککۆماری تورکیا ''هیواخواز''ـە پڕۆسەی چارەسەری سەربگرێت، ''واتا کۆتایی بەو شەڕ و پێکدادانە بهێنرێت و رێگەی سیاسەت بکرێتەوە و زەوینەی یاساییش بە شێوەیەکی دروست بڕەخسێنرێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە سەربکەوێت.''
 
سەرکان رامانڵی ئەوەشی خستەڕوو، پارتەکەی ئامادەکاری کردووە بۆ دەرچوونی یاسای چۆنیێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئەندامانەی پەکەکە، کە چەکەکانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە تورکیا و باکووری کوردستان.
 
وەک گوتەبێژی هوداپار دەڵێت، ئەگەر پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان سەربکەوێت، ''تازە کاری ئێمە دەستپێدەکات. کاتێک کە ئەو شەڕ و پێکدادان و کوشتنە کۆتایی دێت، ئەو کاتە مافەکانی کورد بە روونی و لە رێگەی یاساییەوە جێبەجێ دەکرێن.''
 
سەرکان رامانڵی لەبارەی بەرنامە و پڕۆژەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی کورد لە تورکیا جەختی لەوە کردەوە، ''هەرچی بۆخۆمان ویستووە، بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی تورکیاشمان دەوێت، ئێمە داوای جیابوونەوەش ناکەین. ناڵێین لە هیچ کەسێک باشترین، بەڵام لە هیچ کەسێکیش کەمتر نین، با هەموو کەسێک ئەوە بزانێت.''
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی

دەم پارتی: سەردانی سووریا دەکەین و لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان کۆدەبینەوە

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی راپۆرتەکانی ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد قسەی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، پلانیان هەیە سەردانی سووریا بکەن و لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان کۆببنەوە.