رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسێکی هاتووچۆ لە پارێزگای ئەسکیشەهیری تورکیا ناڕەزایی بەرامبەر پرۆسەی چارەسەری دەردەبڕی و دواتر لەکار دووردەخرێتەوە.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە، پۆلیسێکی هاتووچۆ لەسەر شەقام ناڕەزایەتی بەرامبەر پرۆسەی چارەسەری دەردەبڕێ و رەخنە لەو کەسانە دەگرێ کە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێن "بەڕێز".
پۆلیسەکە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێ: "ئەو کەسانەی دەکەونە پێشبڕکێی گوتنی 'بەڕێز' بۆ ئۆجەلان، بە دڵنیاییەوە دەدۆڕێن. دەبێت ئێوە لەگەڵ گەلی تورک بن. ئەم وڵاتە بە ئاسانی دروست نەکراوە."
پۆلیسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە پارێزگای قەیسەری لەدایکبووە و لە کۆنگرەکانی مەهەپەدا بەشدار بووە و دەڵێت: "نەفرەتی لێبێت. ئایا مرۆڤ نەماوە کە ئێوە لەگەڵی بڕۆن؟ هەموو رۆژێک کەسانی نزیک لە رێکخراو بێ شەرم یاری بە دەمارەکانمان دەکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باس لە پرسی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات و دەڵێ: "دەڵێن ئاپۆ ئازاد دەکرێ؛ دەڵێن رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات دەبێتە کوردستان؛ ئەمانە خەیاڵن. ئێوە بەم شێوەیە دەمێننەوە. باوەڕ بە سیاسییەکان مەکەن. ئەمە تورکیایە، لێرە هەمیشە قسەی کۆتایی گەلی تورک دەیکات. لەو رۆژەوەی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، خەو ناچێتە چاوم."
دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئەسکیشەهیر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو پۆلیسە لەکار دوورخراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ