رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەهەپە رایدەگەیێنێت، دەبێت پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە و یەپەگە بە سوپای سووریا جێبەجێ بکرێت و هۆشداری دەدات کە "یان بە رێککەوتن یان بە زۆر" دەبێت سیستمی ناوەندیی سووریا بچەسپێنرێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، ئەمڕۆ سێشەممە (6ی کانوونی دووەمی 2026) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، باسی لە دۆخی سووریا، رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق و رووداوەکانی ڤەنزوێلا کرد.
باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لە سووریا پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە و یەپەگە جێبەجێ بکرێت کە ئێستا "دوا دەخرێت" و گوتی: "پێویستە لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئیمڕالیدا پێشکەوتنی تێدا بکرێت."
سەرۆکی مەهەپە رەخنەی تووندی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات گرت و بەوە تۆمەتباری کردن کە داواکارییەکانیان "شایانی گفتوگۆ نین" و وەک بیانوویەک بۆ خۆدزینەوە لە رێککەوتن بەکاریدەهێنن.
باخچەلی گوتی: "هەسەدە و یەپەگە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەسەڵاتی خۆیان بەسەر رووبەرێکی فراواندا سەپاندووە کە لە رووی سەرچاوەکانی سەر زەوی و ژێر زەوییەوە دەوڵەمەندە."
سەبارەت بە فەرماندەی گشتیی هەسەدەش گوتی: "ئەگەر هەسەدە و یەپەگە بەگوێرەی خواستی ئیسرائیل جووڵە بکەن و مەزڵووم عەبدیش، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک جێگرەوەی رێبەری دامەزرێنەری پەکەکە وەک سەرکردەیەک وێنا دەکرێت، کێشەکان قوڵتر دەکەنەوە و ئاڵۆزییەکان تووندتر دەکەن."
باخچەلی هۆشداریدا کە "یان بە رێککەوتن یان بە زۆر" دەبێت سیستمی ناوەندیی سووریا و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بچەسپێنرێت و داواشی کرد "هۆزە عەرەبەکان بەبێ مەرجی پێشوەختە پشتیوانی لە حکومەتی سووریا بکەن."
ڤەنزوێلا و پرسی کورد
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باخچەلی باسی لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا دژی سەرۆکی ڤەنزوێلا کرد و بە "چەتەیی" و "فیلمی چەتەکانی دەریای کاریبی" ناوی برد.
ئەو رووداوەکەی بەستەوە بە دۆخی ناوخۆی تورکیاوە و گوتی: "ئایا ئێستا لە ئیرادەی ئێمە بۆ ئامانجی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' تێگەیشتن؟ ئایا ئێستا لە سووربوونی ئێمە لەسەر یەکێتی و برایەتی تێگەیشتن؟"
سەرۆکی مەهەپە پەیامە باوەکەی دووپاتکردەوە و گوتی: "ئەوەی کوردی خۆشنەوێت ناتوانێت تورک بێت، ئەوەی تورکی خۆشنەوێت ناتوانێت کورد بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ