رووداو دیجیتاڵ
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی تورکیا هەنگاوی کرداری و کۆنکرێتی بۆ پرۆسەی چارەسەری بنێت و دەڵێت: "گەلەکەمان چاوەڕێی گۆڕینی بارودۆخی ئۆجەلان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسییە."
شەوی پێنجشەممە، 5ی ئاداری 2026، پەروین بوڵدان لە کاتی بەربانگێکدا کە لەلایەن شارەوانیی قەلقەلی لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی چارەسەری و بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
پەروین بوڵدان لەبارەی پرۆسەکە گوتی: "ئەم پرۆسەیە نابێتە هۆی ئەوەی ئێمە ملکەچی ئەوانە بین کە وڵات بەڕێوەدەبەن. ئێمە ئاگاداری ئەو باج و ئازارانەین کە لە پێناو تێکۆشاندا داومانە، دەشزانین لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا ئاشتییەکی شەرەفمەندانە بەدەست دێت."
بوڵدان ئاماژەی بەوەش کرد کە نابێت کەس هەڵوێستی کورد بە هەڵە لێکبداتەوە و گوتی: "با چیدی کەس لەسەر بنەمای کۆمەڵکوژکردن یان سڕینەوەی زمان و ناسنامەی کورد حیساب نەکات، چونکە ئێمە بە باجدان ناسنامەی خۆمان پاراستووە."
سەبارەت بە بانگەوازەکەی 27ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بوڵدان گوتی: "بانگەوازەکانی بەڕێز ئۆجەلان گەرەنتیی کارەکانمانە. ئێستا کاتی هەنگاوی کردارییە نەک تەنیا قسە. گەلەکەمان چاوەڕێی هەنگاوی پراکتیکی، ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان و بینینییەتی."
ئەندامیەکەی شاندی ئیمراڵی دەم پارتیجەختی لەوەش کردەوە کە گۆڕینی هەلومەرجی ژیانی ئۆجەلان، ئازادکردنی هاوڕێکانیان لە زیندانەکان و ژیان بە زمان و کولتووری کوردی، سەرەکیترین داواکارییەکانی خەڵکن. هیوایشی خواست جەژنی داهاتوو ببێتە دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئازادی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ