رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دەڵێت: ''ئەمە دەستپێکی کۆتاییهێنانە بە تیرۆر لەلایەن تورکیاوە''.
دەوڵەت باخچەلی، رۆژی هەینی، شەشی حوزەیرانی 2025 لە ئەنقەرە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. ئەو بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکەی لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە ''گرنگ'' وەسفکرد و گوتیشی: ''ئەمە دەستپێکی کۆتاییهێنانە بە تیرۆر لەلایەن تورکیاوە''.
سەرۆکی مەهەپە جەختی لەوە کردەوە، لە ئەگەری سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریدا ئابووریی وڵاتەکەی بەهێز دەبێت و دیموکراسی روو لەو وڵاتە دەکات.
باخچەلی جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکان پاڵپشتی لە پرۆسەکە بکەن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت ''زمانێکی تێکدەرانە'' بەکار بهێنن و بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
باخچەلی بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەی و گوتی: ''دەبێت دەستووری کودەتاکان بسڕێتەوە. پێویستمان بە دەستوورێکی نوێ هەیە و ئەمەیش بە رەچاوکردنی بۆچوونی هەموو پارتە سیاسییەکانەوە دەبێت''.
ئەو گوتەیەی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی لەکاتێکدایە، پارتەکەی وئاکپارتی و ئەم دەستوورەی ئێستا تورکیا بە بەرهەمی کودەتا ناودەبەن و دەیانەوێت بیگۆڕن.
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد: ''ئیدی هەموو پارتە سیاسییەکان دەبێت لەپێناوی تورکیادا هەوڵبدەن، دەبێت ببن بە پارتی تورکیا. نابێت لەژێر کاریگەریی وڵاتانی دیکە بمێننەوە و شتێک بکەن ببێتە مایەی تێکدانی سەقامگیریی تورکیا''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ