رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرۆک بارزانی کردووە. هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها لە کاژێرەکانی داهاتوودا ''بۆ جەژنەپیرۆزە پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییشەوە دەکات''.
دەم پارتی رۆژی هەینی، 6ی حوزەیرانی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتەکە، لەڕێی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە جەژنەپیرۆزەی لە سەرۆک بارزانی کردووە.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی دەم پارتی، باکرهان هەر بەبۆنەوەی جەژنەپیرۆزەوە، لە کاژێرەکانی داهاتوودا پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات.
دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، باکرهان پەیوەندی بە هەریەکە لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی و بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی دیکە کردووە و جەژنەپیرۆزەی لێکردوون.
وەک لە بڵاوکراوەکەی دەم پارتی دا هاتووە، لەلایەکی دیکەوە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتەکەیش بەبۆنەی جەژنەپیرۆزەوە پەیوەندی بە سەرۆکی پارتەکانی جەهەپە، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە و سەرلەنوێ رەفاه و بەشێک لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی دیکە کردووە.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی دەم پارتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا باس لەوە کراوە، ''ئەم جەژنە ببێتە مایەی بەقەرارکردنی ئاشتی، دیموکراسی، یاسا و دادپەروەری لە تورکیا''.
ئەو پەیوەندییانەی دەم پارتی بەبۆنەی جەژنەپیرۆز لە کاتێکدایە، شاندێکی پارتەکە سبەی شەممە لە دووەمین رۆژی جەژنی قورباندا سەردانی هەریەکە لە ئاکپارتی، مەهەپە، سەعادەت، دەڤا، ئاییندە و سەرلەنوێ رەفاه دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ