رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، دەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پابەندی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "برایەتی و سەقامگیری لەنێو وڵاتمان بەهێزتر دەکەین و لەپێناو ئاییندەیەکی هاوبەش هەنگاوی خێراتر دەنێین."
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 لە گوتارێکیدا لە کوتاهیای تورکیا رایگەیاند، دەبێت پەکەکە پابەندی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بێت کە لە 12مین کۆنگرەی خۆی داویەتی؛ راشیگەیاند، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان، بە هەستیارییەوە کار بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە دەکەین."
گولەر رۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی لە پرۆسەی چارەسەری بە "گرنگ" ناوبرد و گوتی، "برایەتی و سەقامگیریی نێو وڵاتمان بەهێزتر دەکەین و لەپێناو ئاییندەیەکی هاوبەش هەنگاوی خێراتر دەنێین."
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "وەکو چۆن لە مێژوودا بە پێکەوەبوون دۆخە سەختەکانمان تێپەڕاندووە، ئەمڕۆیش بە هەمان شێوە پلان و تەڵەی هەموو ئەو لایەنانە تێکدەدەین کە لە ناوچەکە دایانناونەتەوە."
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی 5 جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ