10 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە رۆژی عەرەفەدا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

06-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە رۆژی عەرەفەدا 10 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەم ساڵ پشووی جەژنی قوربان لە تورکیا لە رۆژانی 5 - 9ی حوزەیران دەبێت و رۆژی 10ی حوزەیران دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی یەکەمین رۆژی پشووی جەژنی بڵاوکردەوە، کە رۆژی عەرەفە بوو.
 
یەرلیکایا رایگەیاند، رۆژی 5ی حوزەیران 863 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە، لە ئەنجامدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 1319 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوە کرد، لە ئێوارەی 4ی نیسانەوە دوو ملیۆن و 591 هەزار ئۆتۆمبێل لەنێوان شار و پارێزگاکاندا هاتووچۆیان کردووە. راشیگەیاند، 23 هەزار و 275 ئۆتۆمبێل بەهۆی تیژڕۆییەوە تووشی سزای پێبژاردن بوون.
 
4ی حوزەیرانی 2025، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە رۆژانی پشووی جەژندا 69 هەزار و 114 هەزار پۆلیس و جەندرمە ئەرکدار دەبن و بەسەر 17 هەزار و 645 تیم دابەش دەکرێن.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەش کرد، بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی رێگەکان و رێگەگرتن لە رووداوەکان، تاوەکو کۆتایی پشووی جەژن، هاتووچۆی بارهەڵگرەکان قەدەخە دەکرێت.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە پشووی جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا کە نۆ رۆژ بوو، 2650 رووداوی هاتووچۆ روویاندا، لە ئەنجامدا 72 کەس گیانیان لەدەستدا و 8 هەزار و 313 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە