رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکی بۆ لایەنگرانی ئاکپارتی و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رایگەیاند، شانازی دەکەن کە لە 21 ساڵی رابردوودا 17 سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی تەممووزی 2023، رهجهب تهیب ئەردۆغان لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکی لقی رێکخستنهكانی ئاکپارتی لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە لە بارەگای سەرەکیی ئاکپارتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد بە پشتیوانیی گەل لە رۆژانی 14 و 28ـی ئایاردا تەنیا سەرکەوتنیان لە دوو هەڵبژاردندا بەدەست نەهێناوە کە جیاوازیی نێوانیان هەر دوو هەفتە بووە، بەڵکو لە هەمان کاتدا "شەرەف و شکۆ"ی دیموکراسیی تورکیایان رزگار کردووە و رایگهیاند: "وەک ئاک پارتی، شانازی دەکەین کە لە 21 ساڵی رابردوودا 17 سەرکەوتنمان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە. بێگومان ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە و شکاندنی ئەستەمە. ئەمە سەرکەوتنێکی شکۆمەندانەیە کە هێشتا هیچ بزووتنەوە و هاوپەیمانییەکی سیاسی دیکەی جیهان بەدەستی نەهێناوە".
سهرۆکكۆماری توركیا ئاماژەی بەوە کرد، دەنگی پارتەکەیان کەمیکردووە، لەبەرئەوە ناتوانن ئەوە نادیدە بگرن کە رێژەی دەنگەکانیان لە ژمارەیەک لە شارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار بەپێی پێویست نەبووە و گوتی، "پارێزگا بە پارێزگا و سندووق بە سندووق لە سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانە دەکۆڵینەوە و دوای راوێژ و دەستنیشانکردنی سەرچاوەکان، بەخێرایی دەستوەردان دەکەین و چارەسەریان دەکەین".
رهجهب تهیب ئەردۆغان، چاوی بڕییە هەڵبژاردنی شارەوانییهكان و رایگەیاند: "لە 31ی ئاداری 2024دا، بەو ئاراستە خراپە دەڵێین بووەستە، ئەو شارانەمان بەتایبەتی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە کە چوار ساڵە خزمەت ناکرێن، ئاشنایان دەکەینەوە بە سیاسەتی خزمەت و کارکردن".
هەروەها ئەردۆغان ئاشكرایكرد، وەکو ئەوەی لە مەیدانەکاندا بەڵێنیان داوه، کەمترین مووچەی مووچەخۆران بەرز دەکەنەوە و گوتی: "تێکڕای مووچە دەگەیێنینە 25 هەزار و 15 لیرە. رێنمایی پێویستم داوەتە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ چاککردنی مووچەی خانەنشینی. جێگری سەرۆککۆمار و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، لەمبارەیەوە دەستیان بە کارکردن کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ