ئاکپارتی: سەرۆکی جەهەپە هەڕەشە لە دیموکراسی دەکات

06-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) وەڵامی قسەکانی ئۆزگور ئۆزەلی دایەوە دوای دەستگیرکردنی بەرپرسانی جەهەپە لە ئەنتاڵیا کە هەڕەشەی خۆپێشاندانی گەورە و کاریگەری کردبوو. دەشڵێت، ئۆزگور ئۆزەل هەڕەشە لە دیموکراسی دەکات و قسەکانیشی هیچ بەهایەکیان نییە. 
 
ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکشارەوانی و بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەلایەن حکومەتەوە بە تۆمەتی 'گەندەڵی' بەردەوامە و رۆژی شەممە 5ـی تەممووز، سێ سەرۆکشارەوانیی دیکەی ئەو پارتە دەستگیرکران. ئەمەش ئۆزگور ئۆزەلی هێنایە دەنگ. 
 
دوای ئۆپەراسیۆنەکان، جەهەپە سەرکردایەتییەکەی کۆکردەوە. دوای کۆبوونەوەیەک کە نزیکەی 4 کاژێری خایاند، ئۆزگور ئۆزەل چووە بەردەم راگەیاندنەکان زۆر بە تووندی قسەی کرد.
 
ئۆزگور ئۆزەل رووی دەمی کردە ئەردۆغان و گوتی: "لە گردبوونەوە جەماوەرییەکان و خۆپیشاندانەکان دەترسیت، بۆیە کاتێک بانگهێشتی خەڵک بۆ گۆڕەپانەکان دەکەم، یەکسەر رێکاری ئەمنی تووند دەگریتەبەر و قەدەخەیان دەکەیت. خۆپێشاندانەکان دیموکراسین. من دەزانم چ رۆژێک خەڵک بانگهێشتی سەر شەقام دەکەم. جا وام لێ مەکە خەڵک بانگهێشتی سەر شەقامەکان بکەم".
 
دوای قسەکانی سەرۆکی جەهەپە؛ عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە تۆڕی ئێکس وەڵامی ئۆزگور ئۆزەلی دایەوە و رایگەیاند، "ئۆزگور ئۆزەل بە بێڕێزییەوە سەرۆککۆمارمان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە سندووقی هەڵبژاردنەکان دەترسێت. ئەمە لووتکەی نەزانیی سیاسییە ئۆزگور تێیکەوتووە. ئەو نەزانییەی ئۆزگور ئۆزەل لەنێو ئۆپۆزیسیۆن نوێنەرایەتیی دەکات بووەتە ناسنامەی سیاسی." 
 
چەلیک هەروەها نووسیویەتی: "هەموو سەرکەوتنە سیاسییەکانی سەرۆککۆمارمان لە رێگەی سندوقەوە بەدەست هاتوون. سندووقی هەڵبژاردنەکان بەنرخترین هاوڕێی سیاسیی سەرۆککۆمارمانە. پێچەوانەی ئەو رەوتە سیاسییەی ئۆزگور ئۆزەل لەنێویدایە لە رووی مێژووییەوە هەمیشە مامەڵەی دووژمنانەی لەگەڵ سندووقی هەڵبژاردنەکان کردووە." 
 
گوتەبێژی ئاکپارتی قسەکانی سەرۆکی جەهەپەی بە "هەڕەشە لەسەر دیموکراسی" نێوبرد و گوتیشی: "قسەکانی هیچ بەهایەکیان نییە. ئۆزگور ئۆزەل پێیوایە هەڵبژاردنەکان بە هەمان هزری کۆنگرەی جەهەپە بەڕێوەدەچن. دیموکراسییەت و هزری کۆنگرەی جەهەپە هەمان شت نین." 
 
لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی ''گەندەڵی دارایی''دا هەریەکە لە زەیدان کاراڵار، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئادانا و عەبدولرەحمان توتدەرە، سەرۆکی شارەوانیی سەمسووری باکووری کوردستان کە ئەندامی جەهەپەن، دەستگیرکران. سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنتالیاش لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی ''گەندەڵیی دارایی''دا سێ کەسی دەستگیرکرد کە یەکێکیان موهیتین بۆجەک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنتاڵیایە.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024ی تورکیادا زەیدان کاراڵار 46.72٪ی دەنگەکان، موهیتین بۆجەک 71.48٪ ی دەنگەکان و عەبدولرەحمان توتدەرە 49.74٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
 
هەینیی رابردوو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی لە شارەوانیی گەورەی ئیزمیر، 60 کەس خرانە زیندانەوە، کە لە نێویاندا هەریەک لە تونچ سۆیەر، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیزمیر و شەنگۆل ئاسڵانئۆغڵو، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی جەهەپەیان لەگەڵدا بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو