رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆتاییهات. پارتەکە دەڵێت، راگەیێندراوێکی نووسراو لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاودەکاتەوە.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی تەممووزی 2025 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
شاندەکەی ئیمراڵی لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میتحەت سانجار پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها و ئۆزگور فایەق ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی دەڵێت، کۆبوونەوەکە دوو کاژێر و نیوی خایاند. هەروەها گوتیشی، دواتر راگەیێندراوێکی نووسراو لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاودەکەنەوە.
لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا، ئەمە شەشەمین سەردانی شاندی ئیمرالی بوو بۆ لای ئۆجەلان. هاوکات دووەمین سەردانی شاندەکەیە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە.
کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی و ئۆجەلان لە کاتێکدایە، تۆڕی میدیایی رووداو زانیاری لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە رۆژانی داهاتوودا گرووپێک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان دیار نییە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەسدا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
لە لایەکی دیکە، بڕیارە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی کاژێر 03:00ی دوانیوەڕۆی سبەی دووشەممە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە لە ئەنقەرە کۆببێتەوە.
لە 1ی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ