رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە و پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی، رۆژی یەکشەممە، 6ی تەممووزی 2025 بڵاویکردەوە، شاندەکە کاژێر 03:00ی دوانیوەڕۆی سبەی دووشەممە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە.
وەک نووسینگەی راگەیاندنی پارتەکە دەڵێت، شاندی ئیمراڵی لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها پێکدێت.
نووسینگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بەر لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوسەرۆکانی پارتەکەیان دەکەن.
کۆبوونەوەکەی سبەی ئەردۆغان و دەم پارتی لە کاتێکدایە، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 25ی حوزەیران، لە وەڵامی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ لووتکەی ناتۆ لە لاهای گوتی، ''بەم نزیکانە لەگەڵ دەم پارتی کۆدەبینەوە''.
بە گوتەی ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئامادە دەبن.
تۆڕی میدیایی رووداو، دووشەممەی رابردوو زانیاری لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان وەرگرت و بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە رۆژانی داهاتوودا گرووپێکی گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان دیار نییە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەسدا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی ئەردۆغان و دەم پارتی دەبێت، دوایین جار رۆژی پێنجشەممە، 10ی نیسانی ئەم ساڵ کۆبوونەوە و پرۆسەی چارەسەرییان تاوتوێ کرد.
لە 1ی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ