رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، چەکدانانی پەکەکە بە ''رێگەخۆشکەر'' دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تورکیا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامیی شەڕ ''مەترسییەکی زۆر گەورە''یە بۆ سەر وڵاتەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 06-07-2025، بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند: ''خەڵک سەرەڕای هیواهەڵچنین لەسەر پڕۆسەکە، گومانیشیان لێی هەیە، چونکە بە روونی باس لە پرسی کورد ناکرێت و هیچ پەیامێکی دەوڵەت لەوبارەوە بڵاونەکراوەتەوە.''
بایرام بۆزیەل دەڵێ: "پێویستە هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری روون بن و ''پەیامی ئەرێنی لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بدەنە خەڵک، بۆ ئەوەی هیوایان بە پڕۆسەکە هەبێت.''
01ـی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند. پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە " پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە " پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی " ناودەبرێت.
بەگوتەی سەرۆکی پەسەکە، تورکیا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامیی شەڕ ''مەترسییەکی زۆر گەورە''ـی بۆ سەر وڵاتەکە هەیە.
''چەکدانانی پەکەکە دەرفەت بۆ کورد دەڕەخسێنێت''
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا بە ئامادەبوونی میدیاکان لە ئیدارەی راپەڕین لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. بایرام بۆزیەل گوتی: ''چەکدانانی پەکەکە ئەو دەرفەتە بۆ کورد دەڕەخسێنێت کە بەبێ چەک دەنگی خۆیان هەڵبرن و داواکانیان بگەیێنن.''
سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان پێی وایە چەکدانانەکە زەوینەی سیاسەتکردن لە باکووری کوردستان خۆش دەکات و ''کورد بەتایبەتی هێزە نەتەوەیی و دیموکراسییەکان دەتوانن باشتر دەنگی خۆیان بگەیێنن و داخوازیی نەتەوەی کورد بکەنە رۆژەڤ.''
بایرام بۆزیەل ئەوەشی خستەڕوو کە ''دوای چەکدانانی پەکەکە، ئێمەش گوشار دەخەینە سەر دەوڵەتی تورکیا کە هەنگاوی کردەیی بۆ پڕۆسەکە بنێت.''
بڕیارە شاندێکی دەم پارتیش وەک لایەنێکی سەرەکیی پڕۆسەی چارەسەری، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا سەردانی سلێمانی بکات کە ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتەکە بە قۆناخێکی ''گرنگ و مێژوویی'' ناوی دەبات.
''تەنیا بە چەکدانانی پەکەکە پرسی کورد چارەسەر نابێت''
بەگوتەی سەرۆکی پارتی سوسیالیستی کوردستان، ئەگەر پەکەکە چەکیش دابنێت، پرسی کورد هەر لە رۆژەڤدا دەمێنێتەوە، ''واتا چەکدانان، پرسی کورد چارەسەر ناکات، بەڵکو ئەم بابەتە تەنیا لەنوێبردنی ئاستەنگێکە لە بەردەم پرسەکە.''
بایرام بۆزیەل گوتی: ''تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەبێت، تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارامی و ئاشتی بەخۆیانەوە نابینن.''
پەکەکە لە پێنج بۆ حەوتی ئایاری 2025، کۆنگرەی 12ـی خۆی بەست و لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتەکە، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا گرووپێک گەریلای پەکەکە چەک دابنێن، ئەوەش وەک "نیازپاکی" بۆ بە ئەنجام گەیشتنی پرۆسەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ