رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئەنتاڵیا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە شێرێک کە لە پارکێکی گەشتیاری لە نزیک هاوینەهەواری ئەنتاڵیا هەڵاتبوو، دوای هێرشکردنە سەر پیاوێک بە گولـلە کوژرا.
پارێزگاری ناوچەکە رایگەیاند، شێرەکە کە بەپێی زانیارییەکان نازناوی "زیوس" بووە، لە بەرەبەیانی زووی رۆژی یەکشەممەدا لە قەفەسەکەی لە پارکێکی گەشتیاریی ئاژەڵان بە ناوی "خاکی شێرەکان" لە ماناڤگات، کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای ئەنتاڵیا دوورە، هەڵاتووە.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، شێرەکە هێرشی کردووەتە سەر کرێکارێک بە ناوی سولەیمان کر، کە لەگەڵ هاوژینەکەی لە کێڵگەیەکی فستقدا خەوتبوون.
کر، پێش ئەوەی شێرەکە رابکات، بەرەوڕووی بووەتەوە و بریندار بووە، بەڵام برینەکەی سەخت نەبووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک.
سولەیمان کر رایگەیاند: "بۆ ئەوەی خۆمان لە مێشوولە بپارێزین، بەتانی بەسەر خۆماندا دابوو. کاتێک بانگی دا، هەوڵمدا هەستمە سەرپێ، بەڵام نەمتوانی. لەناکاو هەستم کرد شتێک بەر قاچی چەپم کەوت و کاتێک هەستامەوە، بینیم شتێکی زۆر گەورە بوو، وامزانی سەگە."
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کر باسی ئەو ساتانە دەکات کە زۆرانبازیی لەگەڵ شێرەکەدا کردووە و دەڵێت: "هاوارمان کرد بۆ یارمەتی، بەڵام کەس لەو دەوروبەرە نەبوو. کاتێک شێرەکە قاچ و ملی دەگەستم، منیش دەستم لە ملی ئاڵاند و دەستم بە گوشینی کرد، ئەویش پاشەکشەی کرد. لەو کاتەدا هێزە ئەمنییەکان گەیشتن. ئەگەر بەهێز نەبوومایە، ئێستا لێرە نەدەبووم."
پارێزگاری ئەنتاڵیا رایگەیاند، شوێنپێی شێرەکە هەڵگیراوە و بە گولـلە کوژراوە.
هەروەها گوتی: "نەکرا شێرە هەڵاتووەکە بە زیندوویی بگیرێت، چونکە مەترسیی بۆ سەر خەڵک و ژینگە دروست دەکرد، بۆیە کوژرا،" ئاماژەی بەوەشکرد کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
نزیکەی 30 ئاژەڵ لە خێزانی پشیلە گەورەکان؛ وەک بەور، جاگوار، شێر و پڵنگ لە "خاکی شێرەکان" هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ