رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا، دووەم کۆبوونەوەی دەکات. لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە میوانداری سەرۆکی میت، سوپاسالار و وەزیری بەرگری دەکات و گوێ لە گوتەکانیان دەگرێت.
رۆژی هەینی 8ـی ئابی 2025، لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، دووەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات. میوانداری هەریەک لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت)، یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و سەلچوک بایراکتارئۆغڵو، سوپاسالاری تورکیا دەکات.
بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و دیوی ئەمن، سەربازی و هەواڵگریی پرۆسەکە، دانیشتنەکە بە داخراوی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی 6ـی ئابی 2025، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەدا کە لە پەرلەمان بەڕێوەچوو، رەشنووسێکی 12 خاڵیی لەبارەی رێکار و بنەماکانەوە پێشکێش کرد. رەشنووسەکە دوای چەند گۆڕانکارییەک، بە کۆی دەنگ پەسەندکرا. بڕیاردرا کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکەش بۆ رۆژی 8ـی ئاب بکات.
هاوکات بڕیاریش درا لیژنەکە هەفتانە دوو رۆژ کۆببێتەوە. لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆدەبێتەوە، بەڵام بەپێی پێویستی، دەکرێت ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێتەوە.
لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا
ناوی لیژنە:
پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی (هاوپشتی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی)
ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە:
- ئامادەکردنی پرۆژەیاسا: بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و تۆکمەکردنی دیموکراسی
- راوێژکردن: را و بۆچوونی پسپۆڕان، زانکۆکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەردەگرێت
- ئاگادارکردنەوە: رای گشتی لەبارەی پێشهاتەکانی پڕۆسەکە ئاگادار دەکاتەوە
میکانیزمی بڕیاردان:
پەسندکردنی پڕۆژەیاساکان، پێویستی بە دەنگی 3 لەسەر 5ـی ئەندامانی لیژنەکەیە
ماوەی کارکردن:
- دوا وادە: پێویستە تاوەکو 31-12-2025، کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت
- ئەگەر پێویست بکات، لیژنەکە دەتوانێت دوو مانگ ماوەی کارکردنی درێژبکاتەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ