تورکیا لەبارەی خستنەخوارەوەی درۆنەکە لە رۆژئاوای کوردستان: کاریگەریی نەکردووەتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانمان

06-10-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تورکیا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە رۆژئاوای کوردستان پشتڕاست کردەوە و دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی نەکردووەتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانمان."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 06-10-2023 لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە گوتی، "بەهۆی هەڵسەنگاندنی تەکنیکی جیاواز لە میکانیزمی بەریەکنەکەوتن لەگەڵ لایەنی سێیەم، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دیار بوو. لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆئەوەی میکانیزمی بەریەکنەکەون کاریگەرتر کار بکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەو رووداوە بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی نەکردووەتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانمان و ھێرشی سەر ئامانجە دیاریکراوەکان. هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق کرا، لەنێوبردنی هەموو ئەو توانا و سەرچاوانەی داهات کە رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز لە سووریا پەرەی پێداون، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو درێژەی دەبێت."
 
ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 05-10-2023 سوپای ئەمریکا درۆنێکی سوپای تورکیای لە نزیک حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان خستەخوارەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2023 پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لەوبارەیەوە قسەی کرد و گوتی، هێزەکانی ئەمریکا تێبینییان کردبوو کە درۆنەکانی تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رۆژی پێنجشەممە چەند هێرشێکیان کردووە و بەشێکیان لە سنووری "ناوچەی قەدەخەکراودا" بوون لە نزیک حەسەکە، کە نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەربازانی ئەمریکییەوە دوور بوون.
 
پات رایدەر گوتیشی، لەدوای خستنەخوارەوەی درۆنەکە "هێزەکانمان لەوپەڕی ئامادەییدان،" بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕوان ناکەن رووداوەکە "هیچ زیانێک" بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە بگەیێنێت.
 
گوتەبێژەکە هەروەها باسی لەوەش کرد، "لە شەڕی دژی تیرۆر لەگەڵ تورکیاداین، بەلام داوامان لێی کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە سووریا هاوئاهەنگیمان لەگەڵدا بکات."
 
بۆردوومان و تۆپبارانی ئەمجارەی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن تورکیاوە رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023ی سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا.
 
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی لەگەڵ هاوشانە قوبرسییەکەیدا باسی لە دوایین لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر بارەگای ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە کرد.
 
هاکان فیدان گوتی "لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانمان دەرکەوت، هەردوو تیرۆریستەکە لە سووریاوە هاتوون و هەر لەوێش مەشقیان کردووە"؛ گوتیشی، ''لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بەتایبەتی لە عێراق و سووریا، ئامانجی رەوای هێزە ئەمنییەکان، سوپا و دەزگای هەواڵگریمان دەبن."
 
هەمان رۆژ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، "ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە لە ناوچەکانی ئێمەوە نەچوون وەکو بەرپرسانی تورکیا باسی دەکەن. وەک چۆن ئێمە بەشێک نین لە ململانێی نێوخۆی تورکیا، هانی پەرەسەندنیشی نادەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە