تورکیا و پەکەکە ئاماری نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە

06-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە 48 کاژێری رابردوودا، شەش سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاند، 15 پێگەی پەکەکەیان لە ناوچەی خواکوڕک بەئامانج گرتووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 4-5ـی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ و خواکوڕک، مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان 14 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا شەش سەرباز کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون، هەروەها گورزیان لە زرێپۆشێک وەشاندووە.
 
رۆژی 4ـی مانگ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بەئامانجگرتنی 15 پێگەی پەکەکەی لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد و رایگەیاند، ژمارەیەک گەریلا کراونەتە ئامانج کە پێشبینی دەکرێت، فەرماندەی گەریلاش لەنێو بەئامانجگیراوەکان بێت.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ-قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 801 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 63 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 391 گەریلای راگەیاندووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە