ئیلهام ئەحمەد لە پەیامێکدا بۆ تورکیا: ئارامیی سووریا ئارامیی ئێوەیە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، قۆناخی ئێستا قۆناخی بنیاتنانەوەی سووریایەکی دیموکراسییە و ئامادەیی خۆیانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا دەربڕی.
 
ئەمڕۆ شەممە، 6-12-2025، لە شاری ئیستەنبووڵ یەکەم رۆژی کارەکانی "کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" کە لەلایەن دەم پارتییەوە رێکخراوە، دەستیپێکرد و بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت.
 
ئیلهام ئەحمەد بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کرد و لە گوتارێکدا رایگەیاند، "ئەو دەستپێشخەرییەی لە تورکیا بۆ ئاشتی دەستیپێکردووە گرنگە، بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەیرانێکی قورسدا تێدەپەڕێ. پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆڵی سەرەکی هەبوو لە دەستپێکردنی ئەم قۆناخە و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ."
 
بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە بەهۆی هەبوونی ئاستەنگەوە نەیتوانیوە لە ئیستەنبووڵ ئامادە بێ و گوتی، "هیوادارین ئەو ئاستەنگییانە نەمێنن و بتوانین لە داهاتوودا سەردانی تورکیا بکەین و بەرپرسانی تورکیاش ببینین، تاوەکو بە شێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆی ئاشتی بکەین."
 
سەبارەت بە دۆخی سووریا، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەکە بە قۆناخێکی نوێدا تێدەپەڕێ کە قۆناخی بنیاتنانەوەی کۆمارێکی دیموکراسییە بۆ هەموو پێکهاتەکان، دوای ئەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەدا کورد لە مافەکانی بێبەش کرابوو.
 
ئیلهام ئەحمەد پەیوەندیی نێوان ئاسایشی سووریا و تورکیای بەیەکەوە گرێدا و گوتی، "ئارامیی سووریا، ئارامیی تورکیایە. بوونی سیستم و دەستوورێکی دیموکراسی لە سووریا کە مافی هەمووان دەستەبەر بکات، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر تورکیاش دەبێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای کرد کە سنوورەکانی نێوان باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و تورکیا کراوە بن و گوتی، "ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێن ئەرێنین و کاریگەرییان لەسەر وەستانی شەڕ هەبووە. ئێمە دەمانەوێ کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین و دژی دابەشبوونی وڵاتین، چونکە دابەشبوون شەڕی نوێی لێ دەکەوێتەوە."
 
هەر لە قسەکانیدا ئیلهام ئەحمەد جەختی لە گرنگیی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر بەڕێز ئۆجەلان لە دەرەوەی زیندان بێت، دەتوانێت رۆڵێکی باشتر بگێڕێت بۆ رازیکردنی رای گشتی و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و ئەمەش پرۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە