هاکان فیدان بۆ رووداو: لە چوار ساڵی رابردوودا پشتیوانیمان لە سیاسەتەکانی سوودانی کردووە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی وەڵامدانەوەی رووداو
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی وەڵامدانەوەی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە روودای راگەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو، پشتیوانییان لە سیاسەتەکانی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. 
 
لە پەراوێزی کۆربەندی دەوحە، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بەوەی تورکیا چ رۆڵێک دەگێڕێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، فیدان گوتی، ئەنقەرە "زۆر بایەخ" بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەدات. 
 
فیدان گوتیشی: "هەوڵ دەدەین هەر شتێکمان لەدەست بێت بیکەین بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدەین برینەکانی رابردووی ساڕێژ ببن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵکەکەی دابین بکات."
 
فیدان ئاماژەی بە ھەماھەنگیی قووڵی نێوان ھەردوو وڵات کرد لە بوارەکانی بازرگانی، ئاسایش، تەکنەلۆجیا و پەروەردە، ھەروەھا گوتی تورکیا لە چوار ساڵی رابردوودا پشتیوانی لە سیاسەتەکانی حکومەتی سوودانی کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی ھاووڵاتییان خزمەتگوزارییە پێویستەکان وەردەگرن.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە رووداوی گوت: " لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ئێمە پشتیوانیمان لە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی سوودانی کردووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک و بنیاتنانی ژێرخان و هەموو شتەکانی دیکە."
 
گوتیشی: "توانستێکی زۆر گەورەی پێکەوەکارکردن لە نێوان عێراق و تورکیادا هەیە، لە بواری بازرگانی، ئاسایش، تەکنەلۆجیا، پەروەردە و هەموو شتێک."
 
ئەم قسانەی فیدان لەکاتێکدان کە لە چەند ھەفتەی رابردوودا جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا لە عێراق زیادیکردووە، لەوانە سەردان و واژۆکردنی رێککەوتن بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان. 
 
ئەنقەرە و بەغدا کار لەسەر رێککەوتنی هاوئاهەنگی دەکەن، بەتایبەتی لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو، ھەروەھا بەرپرسانی تورکیا جەختیان لەسەر ستراتیژی "پەیوەندیی پراکتیکی" کردووەتەوە کە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پڕۆژە ئابووری و ژێرخانییەکان.
 
لە کۆربەندی دەوحە، کە فیدان یەکێکە لەو کەسایەتییە باڵایانەی ناوچەکە تێیدا قسە دەکات، وەزیرەکەی تورکیا ئەو سەکۆیەی بەکارھێنا بۆ باسکردنی پرسە فراوانەکانی ناوچەکە و جەختی لە خواستەکانی ئەنقەرە بۆ نێوەندگیری و دەستپێشخەرییەکانی سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاست کردەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە