رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، دوو رێگەیان لە پێشە، یان ئاشتی یان بە غەززەبوونی تورکیا، ئەم قسەیەش لە شەقامی تورکی کاردانەوەی بەدوادا هات.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، رۆژی یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئامەد گوتارێکی پێشکێشکرد. لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە رووی دەمی کردە حکومەتی تورکیا و گوتی، ''یان بەشێوەیەکی ئەرێنییانە دۆخێکی چارەنووسساز روودەدات و ئاشتی بنیاد دەنێین، یان بە شێوەیەکی نەرێنییانە دۆخی چارەنووسساز روودەدات و هەموو شوێنێک دەبێتە غەززە''.
ئەم گوتەیەی هاتیمئۆغوڵڵاری لە تورکیا، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و وەک ''هەڕەشەیەک'' بۆ تورکیا لێکدانەوەی بۆ کرا.
سری سورەیا ئۆندەر، کە ئەندامی شاندی دەم پارتییە بۆ سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رایگەیاند، ئەحمەد داودئۆغڵو، گوتەکەی هاوسەرۆکی دەم پارتی بەلاڕێدابراوە و گوتی، ''روانگەی گشتیی ئێمە بۆ پرۆسەی ئاشتی، گوزارشکردن نییە لە بەڵا، ئاشتی شتێکی ئاسان نییە. جوانترین شتی دونیایە''.
هەروەها ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، سەرکۆنەی گوتەکەی هاوسەرۆکی دەم پارتی کرد و گوتی، ''هەر کەسێک بابەتی غەززە لەگەڵ کێشەی کورد لە تورکیا بەراورد بکات، شارەزای مێژوو نییە، شارەزای جیۆپۆلەتیک نییە، شارەزای یاسای نێودەوڵەتی نییە. چونکە تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەر نییە. کورد خەڵکانێک نین هاوشێوەی غەززەییەکان لەژێر داگیرکاریدا بن. ئەوەی لە غەززە روودەدات، کۆمەڵکوژییە. گەلی کوردی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زیاتر لە هەمووان بەم کۆمەڵکوژییە نیگەرانن''.
دەم پارتی لە هەژماری خۆی لە ئێکس، پەیامێکی لەسەر زاری تولای هاتیمئۆغوڵڵاری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''هیچ کەسێک ناتوانێت گوتە و پێداگریمان لەبارەی ئاشتییەوە بەلاڕێداببات. هەموو خەباتێکمان بۆ ئاشتییەکی شەرەفمەندانەیە''.
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتوویەتی، ''ئێمە پارتێکین لەڕێگەی ئەزموونەکانمانەوە دەزانین، لە دۆخێکی وەهادا زمانی کاردانەوە و هەڕەشە هیچ شتێک چارەسەر ناکات''.
ئەو لێدوان و راگەیێندراوانەی بەرپرس و پارتە سیاسییەکانی تورکیا لە کاتێکدایە رۆژی 01-10-2024، لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا.
هەر پەیوەست بە پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا، رۆژی شەممە، 28-12-2024، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە.
رۆژی دواتر، شاندەکە لەسەر زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ