تورکیا پلانی هەیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵی خوار 15 ساڵ قەدەخە بکات

دوێنێ کاژێر 09:30
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا دەڵێت، کۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
 
سەبارەت بە یاسای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان، گۆکتاش لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیانە لە رێی هەموارکردنەوەی یاساوە بەرپرسیارێتی بخەنە ئەستۆی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
گۆکتاش رایگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا پێشنیازیان کردووە دابینکەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پابەند بکرێن بەوەی، بە هیچ شێوەیەک خزمەتگوزاری پێشکێشی منداڵانی خوار 15 ساڵ نەکەن و هەژماریان بۆ نەکەنەوە؛ هەروەها سیستمی فیلتەرکردنی کاریگەر دابنێن بۆ ئەوەی منداڵان بەر لەوەی رووبەڕووی نێوەڕۆکی زیانبەخش ببنەوە، بپارێزرێن.
 
گۆکتاش بەبیری هێنایەوە، هەندێک وڵات رێوشوێنیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی منداڵان لەو مەترسییانەی لە جیهانی دیجیتاڵیدا رووبەڕوویان دەبنەوە، بۆ نموونە ئوسترالیا دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار 16 ساڵ قەدەخە کردووە.
 
ئەو وەزیرەی تورکیا گوتیشی، "نابێت رێگە بدەین پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان منداڵانمان وەک کاڵایەکی بازرگانی بەکاربهێنن. ناتوانین تەنیا بینەری دۆخەکە بین. ئێمە ساڵ و نیوێکە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین. لەگەڵ پسپۆڕان، کەسانی ئەکادیمی، پلاتفۆرمەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، خێزانەکان و منداڵان کارمان کردووە. پڕۆژەیاساکەمان کە رێکخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تەمەنی خوار 15 ساڵ لەخۆدەگرێ، کۆتایی ئەم مانگە رەوانەی لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمان دەکرێت."
 
ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش ئاماژەی بەوە کرد، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەهۆی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و تێکچوونی رەفتار لای منداڵان و گوتی، "دەزانین کە هەندێک گرووپی تاوانکاری لە پلاتفۆرمەکانەوە دەگەنە منداڵان و پەلکێشی تاوانیان دەکەن. بۆیە دەکرێ ئەم هەموارکردنەوەیە وەک بەشێک لە قەڵخانی پاراستنی منداڵان ببیندرێ. لە کاتێکدا منداڵانمان سوود لە دەرفەتەکانی جیهانی دیجیتاڵ وەردەگرن، ئەرکی ئێمەیە هزر و دەروونیان بپارێزین. پاراستنی منداڵانمان کە مسۆگەرکاری ئایندەمانن لە هەموو جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەک، گرنگترین کاری لەپێشینەمانە."
 
وەزارەتی خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا مانگێک لەمەوبەر ماڵپەڕی (منداڵان پارێزراون) و ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بۆ پشتگیریکردنی ئاسایشی منداڵان لە جیهانی دیجیتاڵیدا خستەگەڕ.
 
لە رێی ئەم پلاتفۆرمەوە، ناوەڕۆکی ئارام و خزمەتگوزاریی رێنوێنی بۆ منداڵان و خێزانەکانیان لەژێر یەک بنمیچدا پێشکێش دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی: پێویستە پەرلەمانی تورکیا بۆ ئاشتی و دیموکراسی کار بکات

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەڵێت، پێویستە پەرلەمان بۆ ئاشتی و دیموکراسی کار بکات و پرۆسەکە بە هەنگاوی یاسایی بەردەوام بێت