رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی تەندروستیی سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، "پەیوەندیم پێوەی کردووە و تەندروستیی باشە." باس لەوەش دەکات، حکومەتی وڵاتەکەی دژی ئەوانە دەوەستێتەوە کە "دەبنە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیمان."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی 7ی شوباتی 2025 بەشداریی لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە ئیستەنبووڵ کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
لەبارەی تەندروستیی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە، ئەردۆغان گوتی، "ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان ئەنجامدا و تەندروستیی زۆر باشە."
شەوی چوارشەممە 5ی شوباتی 2025 لەکاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە تەندروستیی تێکچوو و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە ئەنقەرە کرا.
دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەیشی لە دەرەوەی سنوور سەرۆککۆماری تورکیا قسەی کرد و گوتی، "هەوڵەکانمان دژی هەموو ئەو پێکهاتانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان، بەردەوام دەبن."
ئەردۆغان لەبارەی کار و چالاکییەکانیان لە ئیستەنبووڵ، رووی دەمی کردە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی پارێزگاکە، کە لە پارتی جەهەپەیە و رایگەیاند، "گوایە ئەوەی ئێمە لە 23 ساڵدا نەمانتوانیوە بۆ ئیستەنبووڵی بکەین، ئەوان لە 5 ساڵدا کردوویانە. ئێوە شتی وەهاتان بینیوە؟ ئەکرەم ئەفەندی، تۆ بەڵگەی ئەمانەمان نیشانبدە و بۆمانی بسەلمێنە. ئەو شوێنانەی کار و چالاکییەکانی ئێمە پێی گەیشتوون، تۆ بە خەیاڵیش ناتوانیت پێی بگەیت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی دەسەڵاتی پارتەکەیدا خزمەتی هەموو پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستانیان کردووە و دەڵێت، "بۆ ئەوە هاتووین ببینە خزمەتکاری گەل، نەوەک فەرمانڕەوای گەل. تاوەکو گەل ئێمە لێرەدا (دەسەڵات) بهێڵێتەوە، بۆ ساتێکیش لە خزمەتکردنی وڵات ناوەستین."
ئەردۆغان هەروەها گوتی، "وەک ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور، بەرەی نێوخۆمان زیاتر بەهێز دەکەین و هەوڵدەدەین ئامانجی 85 ملیۆن کەس بەدیبهێنین."
ئاکپارتی لە کۆبوونەوەکانی بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی بەردەوامە و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی پارێزگە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکات و تێیاندا بەشدار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ