رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ "دەوڵەت و گەلەکەمان نییە،" بەڵکو بۆ پەکەکەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، رێگە نادەن قەوارەیەک لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت دژی بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە کار بکات.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا شەوی هەینی 7ی شوباتی 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی لەبارەی پرسی کورد دەستیان پێکردووە، گوتی، "ئامانجمان بەدیهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆرە."
لەبارەی شەڕی وڵاتەکەی و پەکەکە، تونچ رایگەیاند، "بە درێژایی چەندین ساڵ، بەدەست تیرۆرەوە زۆرمان چەشت. 40 هەزار مرۆڤی ئێمە بوونە قوربانیی دەستی تیرۆر. تورکیا 40 ساڵە رووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە. ئەگەر تیرۆر نەبووایە، دۆخی بووژانەوەی ئابووریی ئەم وڵاتە لە قۆناخێکی زۆر جیاوازتر دەبوو."
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی ئەو پەیامەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رایبگەیێنێت، گوتی، "ئەو پەیامە بۆ دەوڵەت و گەلەکەمان نییە، بەڵکو بە تەواوی بۆ ئەو رێکخراوەیە" کە خۆی دایمەزراندووە.
هەر سەبارەت بە گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد، تونچ ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ مامەڵە و بەرژەوەندییەک نییە. هیچ هەنگاوێک نانێین ببێتە مایەی ئازاردانی خێزانی شەهیدەکانمان. ئامانجەکە کۆتاییهێنانە بە تیرۆر و هەنگاونانە بەرەو تورکیایەکی بێ تیرۆر."
تونچ دەربارەی ئەگەری دیدارێکی دیکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی گوتی، "تاوەکو ئێستا داواکارییەکی لەو جۆرەمان پێنەگەیشتووە. پێمان بگات هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین."
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە بەردەوام دەبن، رێگە نادەن قەوارەیەک لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە هەنگاو بنێت.
یەپەگەی پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە لەلایەن تورکیاوە وەکو لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەیر دەکرێت.
گفتوگۆی پڕۆسەی ئاشتی چۆن دەستی پێکرد؟
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 یش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە، رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبن. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە".
چاوەڕوان دەکرێت نێوەڕاستی ئەم مانگەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک لەبارەی ئەو پرۆسەیە بڵاوبکاتەوە کە لە تورکیا دەستی پێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ