رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی "تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین - KCDP،" راپۆرتێكی لەبارەی تووندوتیژی دژ بە ژنان لە سەرانسەری توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، 22 ژن كوژران و 14 ژنی دیكەش بە شێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەكەی مانگی کانوونی دووەمی پلاتفۆرمەكە، 5 ژن بەدەستی هاوژینەكانیان، 3 ژن بەدەستی خۆشەویستەکانیان، 3 ژن بە دەستی خزمەکانیان، 3 ژن بە دەست باوکیان، 2 ژن بە دەستی کوڕەکانیان، 2 ژن بە دەستی براکانیان، ژنێک بە دەستی هاوژینی پێشووی، ژنێک بە دەستی خۆشەویستە پێشووەکەی، ژنێک بە دەستی هاوڕێیەکی و ژنێکیش بە دەستی زاوایەکی پێشوویەوە کوژراون. بەو پێیە 23%ی ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 16 ژن لەنێو ماڵەكانیاندا، 3 ژن لە شەقام، 2 ژن لە چۆڵەوانی و ژنێک لەنێو ئۆتۆمبێل كوژراون. بەمەش 73%ی ژنان لەو مانگەدا لەنێو ماڵەکانیاندا کوژراون.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، سەرجەم ژنەکان لە شارەکانی تورکیا کوژراون. زۆرترینیان لە ئیستەنبووڵ کوژراون کە 4 ژن بوون. لە باکووری کوردستانیش لەم مانگەدا هیچ ژنێک نەکوژراوە. بەڵام 85٪ـی رووداوی گیانلەدەستدانی گوماناوی ژناندا لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان روویانداوە.
پار لە لە تورکیا و باکووری کوردستان 311 ژن کوژران و 219 ژنی دیكەش بە شێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ