رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە بووەتە پرسی مانەوە بۆ هەموو وڵاتێک.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی ئایاری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی هەندێک پڕۆژەی وەبەرهێنانی وزەی نوێبووەوە لە ئەنقەرە بەشداری کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان گوتی، ئاسایشی وزە و هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی تەنیا پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە پرسێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە بووەتە پرسێکی مانەوە بۆ هەموو وڵاتێک".
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە گرژییەکانی ناوچەکە و کێبڕکێی بواری وزە کرد و رایگەیاند: "ئەو گرژییانەی لە زۆر ناوچەی جیهان، لە ئەفریقاوە بۆ ئاسیا، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ ئەمریکای لاتین لە زیادبووندان، ناتوانین لە دەرەوەی کێبڕکێی وزە خوێندنەوەیان بۆ بکەین".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە هاوردەکردن و کڕینی وزە کەمبکەینەوە و دواجاریش تورکیا بکەینە وڵاتێکی هەناردە لە سەرچاوە و تەکنەلۆژیادا".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە هەوڵەکانی حکومەتەکەی لە بواری وزەدا کرد و رایگەیاند: "بە دۆزینەوەکانمان لە دەریای رەش و گابار (لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان)، بەختی خراپمان گۆڕی. بە پرۆژەی وێستگەی هێزی ئەتۆمی ئاککویو، وڵاتەکەمان گۆڕی"؛ گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2035 بەرهەمهێنان لە رێگەی وزەی خۆر و باوە بگەیێنینە 120 هەزار مێگاوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ