رەجەب تەیب ئەردۆغان و محەممەد شیاع سوودانی کۆدەبنەوە

07-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی ئایاری 2025، فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە هەشتی ئایار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئەنقەرە. 
 
فەخرەدین ئاڵتوون رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆشکی بێشتەپەی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا پێشوازی لە سوودانی و شاندە یاوەرییەکەی دەکات. 
 
فەخرەدین ئاڵتوون دەڵێت، جگە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییە فرە رەهەندەکانی ئەنقەرە - بەغدا، ئەردۆغان و سوودانی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی ستراتیژیی باڵای تورکیا- عێراق دەکەن و کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵیش دەکەن. 
 
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا باس لەوە دەکات، هەردوولا واژۆ لەسەر چەند رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێ دەکەن. 
 
پێنجی ئایاری 2025، شاندێکى عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد رەزا حوسەینى، سەرۆکى فەرمانگەى وڵاتانى دراوسێ لە وەزارەتى دەرەوە، گەیشتە تورکیا.
 
سەردانى ئەو شاندە لە چوارچێوەى ئامادەکارییەکان بوو بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا. 
 
یەکی تشرینی دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی یەک رۆژە گەیشتە ئیستەنبووڵ و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، رێکارەکانی کاراکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان و رێککەوتنە هاوبەشەکان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە