ئەردۆغان: نێچیرڤان بارزانی دۆستمانە

08-06-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا لە ئێوارەخوانی سەرۆکی وڵاتاندا بەخێرهاتنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و بە "دۆست" ناوی برد. 

دوای رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا کە بۆ 21 سەرۆکی وڵاتان، 13 سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمانی 12 وڵات، 45 وەزیری دەرەوە و میوانە تایبەتەکانی رێکخستبوو، بەخێرهاتنێکی گەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "نێچیرڤان بارزانی دۆستمان لەنێوماندایە، بەتایبەت دەمەوێ بەخێرهاتنیان بکەم". 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی ئێوارەخوانەکەدا پەیامێکی کورتی پێشکێشی ئامادەبووان کرد و یەکە بەیەکە ناوی میوانە تایبەتەکانی هێنا و رایگەیاند، ئەرکیان کێشا بە ئامادەبوونیان و سوپاسی هەمووان دەکات و لەناوهێنانی سەرۆکەکاندا گوتی: "هەروەها لەبارەی باکووری عێراقەوە، نێچیرڤان بارزانی دۆستمان لەنێوماندایە، بەتایبەت دەمەوێ بەخێرهاتنیان بکەم". 
 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تازەهەڵبژێردراوی تورکیا، سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەلایەن مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری پێشووی دەرەوە و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە پێشوازی لێکرا و لە پاڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیران و شاندە باڵاکانی وڵاتان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماردا بەشداریی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ئەردۆغانی کرد. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە