لە تورکیا چوون بۆ نێو دارستانەکان قەدەخە کرا

07-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دا، چوونی خەڵک بۆ نێو دارستانەکان قەدەخە بکات، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ رێگری لە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 6ی تەممووزی 2023 بڵاویکردەوە، لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە تاوەکو 31ی تشرینی یەکەمی 2023، چوون بۆ ئەو دارستانە چڕانە قەدەخەیە، کە مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیان لەسەرە.
 
هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارە بۆ بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری پلەی گەرما دەگەڕێتەوە بەتایبەتی لە هەردوو مانگی تەممووز و ئابدا. وەزارەتەکە نووسیوویەتی: "قەدەخەکردنی باشترە لە ئاگرکەوتنەوە و زیان گەیشتن بە میراتێکی زۆر بەهاداری ژینگەیی". 

 

روونیشیکردەوە، کوژاندنەوەی ئاگر لە دارستانە چڕەکاندا زۆر سەختە و توانایاکی زۆری پێویستە و هەمیشە زیانی زۆر قورسی لێدەکەوێتەوە و کارەسات روودەدات، بۆیە قەدەخەکردنی هەر جۆرە چالاکییەک و چوونە نێو دارستانەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە. 
 
رۆژی 29ی حوزەیرانی 2023، گرووپێکی گەشتیاری لە دارستانە چڕەکانی شارۆچکەی داتچا-ی سەر بە پارێزگای موغڵا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا بەهۆی ئاگرکردنەوەوە زیاتر لە نۆ دۆنم زەوی دارستانەکەیان سووتاند و یەکێک لە گەشتیارەکانیش گیانی لەدەستدا. 
 
رۆژی 12ی حوزەیرانیش، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەدەخەی سەیرانکردنی هاووڵاتییان لەناو دارستانەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە پارکەکاندا سەیران بکەن.  
 
ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لەدارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس برینداربوون و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان هاووڵاتی تورکیا و دووانیانیشیان هاووڵاتیی رووسیا بوون. 
 
لە 2021، ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. لە ئەنجامدا 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە