رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ناسنامهی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئاشكرا دهكات كه لە شهڕ و پێكدادان لەگەڵ هێزەکانی تورکیا له باکووری کوردستان بە برینداری کەوتوونەتە دەستی جەندرمەی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ هەینی، 7ی تەممووزی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە بڵاویکردەوە، موراد یاڵچن ناسراو بە عەلیشەر و بیشار بەهادر ناسراو بە مائاز لە رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023 لە بەرزاییەکانی بەیشەباب سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی جەندرمە بە سەختی برینداربوون و کەوتوونەتە ژێردەستی هێزەکانی جەندرمە.
رۆژی 21ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی لە گوند و بەرزاییەکانی شارۆچکەی بەیشەباب راگەیاند.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ساڵی 2021ـەوە و لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆدا 131 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەستبەسەر 616 حەشارگە و کۆگەیشدا گیراوە؛ لە بەرامبەردا 18 سەرباز کوژراون. هەپەگەش لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 34 سەرباز و گیانلەدەستدانی 36 گەریلای راگەیاندووە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ساڵانە "ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دادەڕێژێت و بەئۆپەراسیۆنە وەرزییەکان ناوی دەبات.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016ی خایاند. لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا پێنج جۆرە زنجیرە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" دژی گەریلاکان لە ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ