داوای لابردنی پارێزبەندیی 61 پەرلەمانتاری جەهەپە دەکرێت

07-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ لابردنی پارێزبەندیی لەسەر 61 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری، 240 دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025 بڵاوکرایەوە، 240 دۆسیەی تاوان لە دژی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و 60 پەرلەمانتاری دیکەی فراکسیۆنی جەهەپە لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
 
گۆکهان گونایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، رەخنە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەگرێت و رایدەگەیێنێت، لە کۆی 135 پەرلەمانتاری پارتەکەی، 240 دۆسیەی لابردنی پارێزبەندی بۆ 61 پەرلەمانتاریان نێردراوەتە پەرلەمان. گونایدن ئەم هەنگاوە بە "گوشاری سیاسی" ناودەبات.
 
پرسی ئەو دۆسیانەی بۆ لابردنی پارێزبەندیی رەوانەی پەرلەمانی تورکیا کراون، بووەتە بابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکە. نزیکەی نیوەی پەرلەمانتارانی جەهەپە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە. 
 
گۆکهان گونایدن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسراوێکی لیژنەی دەستووری پەرلەمانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "240 یاداشتی سەرۆکایەتیی کۆمار سەبارەت بە لابردنی پارێزبەندیی یاسادانان بۆ 61 پەرلەمانتاری جەهەپە، پارتی یەکەمی تورکیا، لە پەرلەمانی تورکیادایە."
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە نوسیوویەتی، ئەم پێشهاتە رەهەندێکی نوێی گرژییەکانی دەسەڵات لە دژی ئۆپۆزیسیۆن دەبەخشێت. هیچکامیان یاسایی نین و بە "ئۆپەراسیۆنی سیاسی" ناوی بردن.
 
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا، ژمارەی دۆسیەکانی تاوان بۆ لابردنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تائێستا 775 دۆسیەی تاوان بۆ لابردنی پارێزبەندیی پێشکێش کراوە، کە 541یان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی تۆمارکراوە. هەر لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتیدا، لە کۆی 527 دۆسیەی تاواندا 105 دۆسیە لە دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین تۆمارکراوە.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو