رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کاتێک بە سەلامەتی گەیشتینە ئامانجەکانمان کە تورکیای بێ تیرۆرە، لاپەڕەیەکی نوێ لەبەردەمماندا دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە کە حکومەتی ئەنقەرە بە پرۆسەی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' ناوی دەبات، نامەیەکی ئاراستەی تەواوی کەسوکاری "شەهیدان و بریندارانی سەنگەر" کرد. تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە هیچ خاڵێکی پرۆسەی تایبەت بە "تورکیای بێ تیرۆر"دا سەودا، دانوستاندن، سازش، هەوڵی نهێنی و کاری ئاست نزم ئەنجام نەدراوە و لەمەودواش ئەنجام نادرێت.
لە سەرەتای نامەکەیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە "قووڵایی دڵەوە گەرمترین سڵاوی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی سەنگەر" کرد.
ئەردۆغان لە نامەکەیدا نوسیوویەتی: "بەتایبەتی داواتان لێدەکەم دڵنیابن لەوەی لە هیچ خاڵێکی ئەم پرۆسەیەدا سەودا، دانوستاندن، سازش، هەوڵی نهێنی و کاری ئاست نزم ئەنجام نەدراوە و لەمەودواش ئەنجام نادرێت."
ئەوەشی خستەڕوو: "هیچ هەنگاوێک نەنراوە و نانرێت کە رۆحی شەهیدە ئازیزەکانمان و کەسوکاری شەهیدەکانمان و بریندارانی سەنگەر ئازاد بدات."
جەختی لەسەر هەنگاوەکانیان بۆ پرۆسەی چارەسەری کردەوە و رایگەیاند: "کاتێک بە سەلامەتی گەیشتینە ئامانجەکانمان کە تورکیایەکی بێ تیرۆر و پاشان ناوچەی بێ تیرۆرە، لاپەڕەیەکی نوێ لەبەردەمماندا دەکرێتەوە. برایەتی هەزار ساڵەمان دەگاتە قۆناخێکی نوێ؛ ئەو تۆوە دووبەرەکییانەی لە نێوانماندا چێندراون بۆ هەتا هەتایە دەردەهێندرێن و فڕێ دەدرێن."
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ