رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پێنج پەرلەمانتار لە لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەستنیشان بکرێن بۆ ئەوەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکەن.
رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2025، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە رێگەی فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە پێشنیازی کرد، 3-4 ئەندامی لیژنە پەرلەمانییەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ گوێگرتن لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "سۆزجوو"ـی نزیک لە جەهەپە، لە دوو رۆژی داهاتوودا پێنج پەرلەمانتاری ئەندامی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەستنیشان دەکرێن بۆ ئەوەی سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکەن.
بە گوێرەی رۆژنامەکە شاندەکە، پڕۆسەی نوێی چارەسەری، پرسیی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هەروەها دۆخی رۆژئاڤا و هەسەدە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان تاوتوێ دەکەن.
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ