رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی، شاندێکی حیزبە کوردستانییەکان کە پێکهاتوون لە پارتی، یەکگرتوو و پارتی رەنجدەران لە ئەنقەرەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندەکە و ئەردۆغان کۆدەبنەوە.
بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، شاندێکی حیزبە کوردستان لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیان، کە بریتین لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پارتی رەندەرانی کوردستان و بەرەی تورکمان.
سەرچاوەیەک لە شاندەکە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نزیک کاژێر 02:30ـی دوای نیوەڕۆ، حیزبە کوردستانییەکان و حیزبە عێراقییەکان لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆدەبنەوە".

ئەمڕۆ کارەکانی چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی ئاکپارتی لە ئەنقەرە دەستی بەکارەکانی کرد و بەردەوامە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی لیژنەی بەڕێوەبردنی چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی ئاکپارتی، لە رۆژی کۆنگرەکەدا لە 81 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا، هەزاران ئەندام و 400 میوانی تایبەت ئامادەدەبن. لە کۆنگرەکەدا دروشمەکانی "100 ساڵەی تورکیا" و "رووی سپیی کۆمار" و "ئاکپارتی هاوبەشی هزری تورکیا" بەرزدەکرێنەوە.

رۆژی 14ـی ئابی 2001، ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانی، دوای کشانەوەیان لە پارتی فەزیلەت (پارتێکی ئیسلامی بوو، داخرا) دامەزرا. لە 3ـی تشرینی دووەمی 2002 بۆ یەکەمینجار بەشداری لە ھەڵبژاردنی گشتیی تورکیا کرد و توانی 34.28٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، کە 10 ملیۆن و 808 هەزار و 229 دەنگ بوون و، لە کۆی 550 کورسیی پەرلەمان 363 کورسی بردەوە و بە تەنیا دەسەڵاتی گرتەدەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ