رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە پەیامێکیدا بۆ کۆنفرانسی ئاشتی رایگەیاند، پرۆسەی ئێستا پرۆسەی پارچەبوون نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە یەکبوون و یەکێتییەکی شکۆمەندانە مسۆگەر دەکات.
دەم پارتی لە دووەم رۆژی "کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"دا کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، پەیامی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری 9 ساڵ زیندانیکراوی هەدەپەی خوێندەوە.
لە پەیامەکەیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: "سڵاو و رێز ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم ئەمڕۆ لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەتەوە و ئامانجیان بنیاتنانی ئاشتی، دادپەروەری و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە. لەم قۆناخەدا کە مرۆڤایەتی بە یەکێک لە قووڵترین قەیرانەکانی مێژوودا تێدەپەڕێت، ئاشتی بۆ ئێمە و گەلانی جیهان هەڵبژاردە نییە، بەڵکو پێویستییە. ئەو وێرانکارییەی شەڕ، نایەکسانی، دەسەڵاتخوازی و سیاسەتی نکۆڵیکردن دروستیان کردووە؛ نەک تەنیا جوگرافیاکەمان، بەڵکو ویژدانی ئێمەشی بریندار کردووە."
دەمیرتاش رایگەیاند، "هەر هەنگاوێک لەم کۆنفرانسەدا دەنرێت، هەر رستەیەک دەگوترێت و هەر بڕیارێک دەدرێت؛ نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر ئەمڕۆمان، بەڵکو لەسەر چارەنووسی نەوەکانی داهاتووشمان دەبێت. ئاشتی تەنیا بە دانانی چەک و بێدەنگبوونیان بەدی نایەت. وەک هەمووتان دەزانن، ئاشتییەکی راستەقینە بە دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەمیرتاش رایگەیاند، "ئاشتی؛ بە دامەزراندنی سیستمێک دەبێت کە تێیدا کورد، تورک، عەرەب، ئەرمەنی، سریانی، عەلەوی، سوننە، ژنان، گەنجان، کرێکاران، باوەڕداران و بێباوەڕان، هەمووان هەست بکەن هاووڵاتییەکی یەکسان و ئازادی ئەم خاکەن و بتوانن لە خۆشگوزەرانیدا بژین. کۆمەڵگەی دیموکراسیی لەسەر بنەمای ترس، نیگەرانی و گوشار بنیات نانرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای متمانە و بەشداریی دیموکراسییانە بەرز دەبێتەوە."
ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەمە گرێبەستێکی ژیانی هاوبەشە تێیدا یەک ناسنامە، یەک زمان و یەک باوەڕ نا، بەڵکو هەموو جیاوازییەکان بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان و ئازاد هەبن. هەر بۆیە بەرگریکردن لە دیموکراسیی تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مرۆییە."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆجەلان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەمیرتاش رایگەیاند، "لەم رووەوە، هەڵوێستی بوێرانە و بەپەرۆشی بەڕێز ئۆجەلان زۆر بەنرخ و مانادارە. خۆزگە دەکرا ئەم هەموو پێشوەخت حوکمدانە وەلا بنرێت و دەرفەتێک بڕەخسێنرێت کە بەڕێز ئۆجەلان بتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە قسە بکات. ئەو کاتە دڵنیام وەڵامی بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە تورکیا نیگەران و تووڕەن دەدۆزرایەوە و رێگەش لە گومان و لێکدانەوەی ناپێویست دەگیرا."
پەیامەکەی بەم رستانە کۆتایی پێهێنا، "لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەمە بڵێم. ئاشتی بۆ هەموومان مسۆگەرە، دیموکراسی مسۆگەرە. ژیانێکی هاوبەش، یەکسان و ئازاد مسۆگەرە. لەبیرتان نەچێت کە ئەمە پرۆسەی پارچەبوون و دابەشبوون نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی مێژووییە کە یەکبوون و یەکێتیی شکۆمەندانەی ئەو گەلانە مسۆگەر دەکات کە پێشتر پارچە پارچە کراون. با هەرگیز واز لە باوەڕبوون بەمە نەهێنین، با بۆ ئەمە تێبکۆشین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ