رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی کرێکارانی کەرتی بیناسازی لە تورکیا، تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ گەیشتە 2 ملیۆن و 24 هەزار و 401 کەس. بەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمارکرد. کەرتەکە بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا (TÜİK)، ژمارەی کرێکارانی کەرتەکانی پیشەسازی، بیناسازی، بازرگانی و خزمەتگوزاری لە مانگی ئەیلوولدا بەراورد بە هەمان مانگی پار، 1.1% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 16 ملیۆن و 169 هەزار و 476 کەس.
لەم ماوەیەدا، ژمارەی کرێکاران لە کەرتی پیشەسازیدا 3.7% کەمیکردووە، لە کەرتی بازرگانی و خزمەتگوزاریشدا 2.5% زیادیکردووە. بەرزترین رێژەی زیادبوونیش لەسەر ئاستی کەرت و ژێرکەرتەکان لە کەرتی بیناسازیدا تۆمارکراوە.
ژمارەی کرێکاران 139 هەزار و 745 کەس زیادیکردووە
ژمارەی کرێکارانی کەرتی بیناسازی بەراورد بە هەمان مانگی پار، 7.4% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 24 هەزار و 401 کەس. بەم شێوەیە، بەراورد بە ئەیلوولی ساڵی رابردوو، ژمارەی کرێکاران 139 هەزار و 745 کەس زیادیکردووە. ئەم ژمارەیە، بەرزترین ئاستە لە ماوەی 201 مانگی رابردوودا، واتە لە کانوونی دووەمی 2009ـەوە کە دەست بە بڵاوکردنەوەی داتاکان کراوە.
ژمارەی کرێکاران لە کەرتی بیناسازیدا، کە لە مانگی تەممووزدا بۆ یەکەمجار سنووری 2 ملیۆن کەسی تێپەڕاند و گەیشتە 2 ملیۆن و 1 هەزار و 225 کەس، لە مانگی ئابدا 2 ملیۆن و 10 هەزار و 953 کەس تۆمارکرا. بەم شێوەیە، کەرتەکە بۆ سێیەم مانگ لەسەر یەک ژمارەی پێوانەیی نوێکردەوە.
تاوەکو مانگی ئەیلوول، 1 ملیۆن و 327 هەزار و 750 کرێکار لە کەرتی دروستکردنی باڵەخانە، 260 هەزار و 592 کرێکار لە دروستکردنی پێکهاتەی دەرەوەی باڵەخانە و 436 هەزار و 59 کرێکاریش لە چالاکییە تایبەتەکانی بیناسازیدا کاریان کردووە.
زیادبوون لە کەرتی بیناسازیدا بەردەوام دەبێت
پرۆفیسۆر دکتۆر سەفەر شەنەر، مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژیی ئابووریی زانکۆی ئیستەنبووڵ راگەیاند، گەشەی ئابووریی تورکیا لە چارەکی سێیەمی ساڵدا زۆر بەنرخە و گوتی، گەورەترین بەشداری لەم ماوەیەدا لەلایەن کەرتی بیناسازییەوە بووە.
شەنەر، جەختی لەوە کردەوە سەرەڕای زیادبوونی تێچوو، وەبەرهێنان لە کەرتی بیناسازیدا بەردەوامە و رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ژمارەی کرێکاران، بەخێرایی بەڕێوەچوونی کارەکانی ئاوەدانکردنەوەیە لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە پڕۆژەکانی بیناسازیی بەردەوام لە ناوچەکانی دیکە و وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی خانووبەرەی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاریی شارستانیدا، پاڵپشتیی دامەزراندنیان کردووە.
ساڵی داهاتوو خواست و خستنەڕوو لە کەرتی خانووبەرەدا زیاد دەکات
شەنەر، گوتیشی، "پێشبینی دەکەم لە ساڵی 2026ـدا، بە باشتربوونی هەلومەرجی دارایی، گەشەی کەرتی بیناسازی خێراتر بێت و ژمارەی کرێکارانیش بۆ ئاستێکی بەرزتر بەرزببێتەوە."
لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان وەرگرتنی مۆڵەت نزیکەی دوو هێندە بووە
ئەحمەد بویوکدومان، ئابووریناسی خانووبەرە رایگەیاند، چالاکییە چڕەکانی بیناسازی بەتایبەتی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان کاریگەریی لەسەر زیادبوونی دامەزراندن هەبووە. بویوکدومان ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو مۆڵەتانەی لە ماوەی کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی پار وەرگیراون 117 هەزار و 534 بووە، ئەمساڵ لە هەمان ماوەدا 95.4% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 229 هەزار و 641 مۆڵەت.
هەروەها رایگەیاند، پڕۆژەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، گۆڕانکاریی شارستانی و پڕۆژەکانی خانووبەرەی کۆمەڵایەتی، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی دامەزراندن لە کەرتی بیناسازیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ