تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، دەنگۆی رێککەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەزڵووم عەبدی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەدرۆخستەوە و رایگەیاند، "هیچ دەستپێشخەرییەکی لەو شێوەیە لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە."
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە هەژماری فەرمیی تۆڕێ ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە. ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستەوە کە گوایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتوون بۆ ئەوەی کۆببنەوە.
بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەکە لە راگەیێندراوێکی هەژماری فەرمیی ئێکسدا نوسیوویەتی، "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و هیچ دەستپێشخەری و پلانێکی لەو شێوەیە لە رۆژەڤی بەڕێز سەرۆککۆمارماندا نییە."
راشیگەیاند، ئەم جۆرە بانگەشە بێ بنەمایانە، کە بە ئەنقەست یان بەبێ ئەنقەست بڵاودەکرێنەوە، رای گشتی چەواشە دەکەن و ئامانجیان ئەوەیە کاریگەریی جیاواز لەسەر ئەو سیاسەتە ئەمنییانە دروست بکەن کە تورکیا پەیڕەوی دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، "زانیارییەکان لەبارەی پەیوەندییەکانی بەڕێز سەرۆککۆمارمان تەنیا لەلایەن سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان یان نوێنەرانی دامەزراوە دەسەڵاتدارەکانی دیکەوە بڵاودەکرێنەوە. گرنگە رای گشتی بەرامبەر ئەو زانیارییە چەواشەکارانەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەکرێنەوە، هەستیار بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ