تورکیا

پارێزگاری ئیستەنبووڵ دەڵێت، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا 70 کەس لە پارێزگەکە بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئیستەنبووڵ دەڵێت، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا 70 کەس لە پارێزگەکە بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، مانگی رابردوو بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 70 کەس لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، تیمەکانیان چەندین هەڵمەتیان ئەنجامداوە.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا تیمەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ 190 کەسیان دەستگیرکردوون و دواتر بڕیاری بەندکردن بۆ 11یان دەرچووە؛ دەستیش بەسەر 86 هەزار و 274 لیتر لە کحولی ساختەدا گیراوە.
داود گوڵ، 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، مۆڵەتی فرۆشتنیان لە 63 فرۆشگەی کحول وەرگرتووەتەوە و دایانخستوون.
10ی تشرینی یەکەمی 2024یش پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بە مەبەستی رێگری لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، بڕیاردرا لە هەموو فرۆشگەکان سیستمی کامێرای چاودێریی 24 کاژێری دابنرێت.
بەگوێرەی ئامارێکی پارێزگای ئیستەنبووڵ، پار لەو پارێزگەیە 48 کەس بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ