رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەندامێکی دیکەی بۆ لیژنەی "پشتیوانیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا دەستنیشانکرد و بەمەش ژمارەی ئەندامانی لە لیژنەکەدا بووە پێنج ئەندام.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، رایگەیاند، جەلال فرات، پەرلەمانتاری حیزبەکەیان لەسەر بازنەی ئیستەنبووڵ، وەک ئەندامی نوێیان لە لیژنەکەدا دیاریکراوە.
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی لە پەرلەمانی تورکیا کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، رۆژی 5ـی ئاب پێکهێندرا و رۆژی 6ـی مانگ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە بەشداری 48 ئەندام کرد.
هەمان رۆژ گولستان کلچ کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لایەنەکانی دیکەی ئاگادار کردبووەوە، کە دروست نییە بڕیارەکان لەسەر بنەمای کورسییە بەتاڵەکان بدرێن و داوای کردبوو ئەندامی نوێ بۆ کورسییە بەتاڵەکان دیاری بکرێن.
دوای گفتوگۆ لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی دیکە، بڕیاردرا سێ ئەندامی دیکە بۆ لیژنەکە زیاد بکرێن.
پارتەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی یەک ئەندام بۆ هەریەک لە ئاکپارتی، جەهەپە و دەم پارتی زیاد بکرێت.
بەمەش ژمارەی ئەندامانی دەم پارتی لە لیژنەکەدا بووە 5 ئەندام، لە کاتێکدا ژمارەی ئەندامانی ئاکپارتی بۆ 22 و جەهەپەش بۆ 11 ئەندام زیاد بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ