رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە، بە ''هەلێکی مێژوویی'' ناوبرد و گوتی، ''پێویستە هەنگاوەکانمان زۆر بەوریاییەوە بنێین''.
نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی، 8ی ئابی 2025 بەر لە دەستپێکردنی دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکێش کرد.
کورتوڵمووش ئەو لیژنەیەی بە ''هەلێکی مێژوویی'' بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ناوبرد و گوتی، ''پێویستە هەنگاوەکانمان زۆر بە وریاییەوە بنێین و بۆچوونەکانمان زۆر بە روونی دەربڕین. لە کۆتاییدا، ئەوانەی لەم هۆڵەدان نوێنەرایەتیی 98٪ی دەنگەکانی تورکیا دەکەن''.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ''دەکرێ هەندێک لە کۆبوونەوەکانمان گفتوگۆی تووندیان تێدا بکرێ، بەڵام هەموو ئەمانە لە نیازپاکیی هاوبەشی هەموومانە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی و هاوپشتیی نیشتمانیی تورکیا''.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەکە، بە کۆی دەنگ بڕیاری لێدرا بە داخراوی بکرێت. کورتوڵمووش لەمبارەیەوە گوتی، "مەبەست لە داخراویبوونەکە ئەوەیە کە قسەکانی ئێرە بە تەواوی تۆماردەکرێن، بەڵام هەرگیز بڵاوناکرێنەوە. واتە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بۆ 10 ساڵ، ئەو قسانەی تۆماردەکرێن، نادرێنە هیچ کەسێک، تەنانەت ئەندامانی لیژنەکەش. هەر بابەتێک کە لەم کۆبوونەوەیەدا باس دەکرێ، بە هیچ شێوەیەک لە دەرەوە باسی لێوە ناکرێت. بێگومان ئەمە بۆ هەستیاریی پرسەکە گرنگە."
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت) ئامادەبوون.
بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بەداخراوی لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوو بەشێک لەو پارتانەی ئەندامیان لە لیژنەکە هەیە، بە پێویستیان زانی هەندێک لە کۆبوونەوەکان بە بەرچاوی میدیاکاران بەڕێوەبچن و هەندێکیشیان پێیان وابوو لەبەر ''نهێنیی کاروباری دەوڵەت'' بە داخراوی بەڕێوەبچن باشە.
یەکەمین کۆبوونەوەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی'' رۆژی سێشەممە، 5ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو.
کورتوڵمووش لە کۆبوونەوەکەدا رەشنووسێکی 12 خاڵی لەبارەی رێکار و بنەماکانەوە پێشکێش کرد. رەشنووسەکە دوای چەند گۆڕانکارییەک، بە کۆی دەنگ پەسەندکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆبێتەوە، بەڵام بەپێی پێویست، دەکرێت ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ