رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دەیانەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربگرێ؛ لەبارەی لیژنەکەی تایبەت بەو پرۆسەیەش لە پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات، ''خۆشحاڵین بە دەستپێکردنی کارەکانی''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 8ی ئابی 2025، لە گوتارێکیدا لە ئیستەنبووڵ، لەبارەی لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە، گوتی: ''خۆشحاڵین بە دەستپێکردنی کارەکانی''.
سەرۆککۆماری تورکیا رۆڵی ئەندام و پارتە سیاسییەکانی بەشدار لە لیژنەکەی ''بەرز'' نرخاند و هیواشی خواست ''کاری داهاتووی لیژنەکە کاریگەریی زیاتری ئەرێنی هەبێت''.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی لەنزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەن؛ گوتیشی، رێگە نادەن هیچ بەربەستێک بۆ ئەو پرۆسەیە دروستبکرێ.
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، کۆتاییهاتنی شەڕی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای وڵاتەکەی، لە بەرژەوەندیی ئاسایشی وڵاتەکەی و ناوچەکەشدایە، باسی لەوەش کرد: ''دەمانەوێ دەرگەیەکی نوێ بە رووی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بکەینەوە''.
''لیژنەی هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەی کردووە و کۆبوونەوەکانیش لە رۆژانی سێشەممە و هەینی ئەو هەفتەیە بەڕێوەچوون.
ئەگەرچی بڕیاردراوە لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆبێتەوە، بەڵام دەکرێ بەپێی پێویست ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێنەوە.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ