ئەردۆغان دەڵێ، پێویستە هەسەدە پرۆسەی یەکگرتنەوە لەگەڵ سووریا تەواو بکات

08-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد "یەکگرتنەوەیان" لەگەڵ سوپای سووریا تەواو بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، نووسینگەی سەرۆکایەتیی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجانەوە، درەنگی شەوی سێشەممە لەنێو فڕۆکەکەیدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە: "پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە داویانە. دەبێت پڕۆسەی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ سووریادا تەواو بکەن."
 
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە رۆژی سێشەممە، حکومەتی سووریا ئاگربەستێکی گشتگیری لەگەڵ هەسەدە راگەیاند. 
 
ئاگربەستەکە دوای کۆبوونەوەیەک هات لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە کە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی شاری حەلەب کرا.
 
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، کە ساڵی رابردوو دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد دەسەڵاتیان گرتە دەست، داواکارییەکانی کورد بۆ دامەزراندنی سیستمێکی حکومڕانیی ناناوەندییان رەتکردووەتەوە.
 
ئەم ناکۆکییانە بوونەتە هۆی دواخستنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی هەسەدە بە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریاوە.
 
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و گوتی: "یەکپارچەیی خاکی سووریا لای ئێمە بابەتێک نییە کە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ناتوانین هیچ هەڵوێستێکی پێچەوانەی ئەمە قبووڵ بکەین."
 
حکومەتەکەی ئەردۆغان یەکێکە لە پشتیوانە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە